موڕشید برادۆستی – سۆران
لە سنووری هەر شەش قەزای سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، تا ئێستا هیچ بەنداوێكی لێ دروست نەكراوە، ئەمە لە كاتیكدایە هەڵكەوتەی جوگرافیای ناوچەكە لەبارە و ساڵانە زۆرترین بەفروبارانیش دەیگرێتەوە، بەڕێوەبەری گشتی كشتووكاڵی سۆرانیش دەڵێت:” ڕەزامەندی دروستكردنی چەند پۆندێكمان وەرگرتووە و ئەمساڵ دروست دەكرێت، هێشتا ڕەزامەندی بەنداو وەرنەگیراوە.
ساڵی رابردوو، مەسروور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، رەزامەندی دەربڕی لە سەر دروستكردنی نۆ بەنداو كە سێیان دەكەونە پارێزگای هەولێر و سێی دیكەشیان پارێزگای دهۆك و ئەوانەی دیكەش دەكەونە پارێزگای سلێمانی، بە گووتەی شارەزایان، دروستكردنی ئەم بەنداوانەش كاریگەری باشیان دەبێ لە دابینكردنی ئاساییشی ئاوی هەرێمی كوردستان چونكە هەندێ ساڵ ئاستی ئاو بەشێوەیەكی بەرچاو دادەبەزێت بەشێوەیەكی گشتی بەنداو سوودی باشی دەبێ بۆ سەرجەم كەرتەكان”.
كامەران حوسێن مامند، بەڕێوەبەری گشتی كشتووكاڵی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” ساڵانە لە لایەن حكوومەتی هەرێم بە ڕاوێژ لە گەڵ وەزارەتی كشتووكاڵ بەنداوی گەورە و بچووك و مامناوەند لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان دروست دەكرێن، بەڵام تا ئێستا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیمان بەنداوی گەورە و بچووك دروست نەكراون، بەڵام ڕەزامەندی دروست كردنی چەند پۆندێك بە گوژمەی زیاتر لە یەك ملیار دینار وەرگیراوە، لە ئایندەیەكی نزیكدا شوێنەكان دیاری دەكەین بۆ دروست كردنی پۆندەكان كە تایبەتن بە گڵدانەوەی ئاو .
بەڕێوەبەری گشتی كستووكاڵی سۆران، دەڵێت:” پێشنیارمان بۆ دروست كردنی بەنداو لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیمان بەرز كردۆتەوە و ئومێد دەكەین ڕەزامەندی دروست كردنیان وەربگیرێت .
ئەو بەرپرسەی حكوومەت لە ئیدارەی سۆران، نای شارێتەوە، بەنداوەكان بۆ ئێستا و داهاتوو كاریگەری گەورە و زۆر باشیان دەبێت لەسەر هەموو بوارەكان بە تایبەتی لە زیاد كردنی ئاوی ژێر زەوی، زیاد كردنی رووبەرەئاویەكان، بۆ لایەنی ئاودێری و كشتووكاڵ كردن.
لای خۆیەوە، هەژار ماهیر، بەرێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:”بەنداو كارگەیەكی بەرهەمهێنانی سوودی ئابووری، ژینگەیی، كۆمەڵایەتی و سیاسین دروست كردنی بەنداو یارمەتی خۆراكداری ئاوی ژێرزەوی دەدات و ڕێگە دەگرێت لە بەفیڕۆدانی ئاوێكی زۆر، چونكە ئاو سامانێكی ئابوورییە و بەهایەكی گرینگی ئابووری هەیە كە گرینگییەكەی لە هەموو سامانەكانی دیكە زیاترە، چونكە هەر مرۆڤ و وڵاتێك دەتوانێ بەبێ هەر سامانێكی دیكە بژی، بەڵام ناتوانێ بەبێ ئاو بژی.
بەرێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سۆران، دەڵێت:” بەنداوەكان لە كاتی دروستكردنیان دەرفەتی زۆری كاركردن بۆ خەڵك دەڕەخسێنن و پارە دەخەنە بازاڕ و جووڵەی تێدا دروست دەكەن. دواتریش پاش دروستبوونیان جگە لەوەی كارەبایەكی هەرزان و بێزیان بۆ ژینگە بەرهەم دێنن، هاوكات دەتوانرێ لە ڕێگەی ئەم بەنداوانەوە پەرە بە سامانی ماسی بدرێ و سوودی بۆ پەرەپێدانی كەرتی گەشتیاری هەبێ، لە كۆتاییشدا سوودی دەبێت بۆ سەوزكردنی دیمەن و سروشتی كوردستان و كاریگەری دەبێت لەسەر ئاو و هەوای لۆكاڵی ئەو ناوچانەی بەنداوەكانیان لێ دروست دەكرێ. كەواتە بەنداو بە گشتی كارگەیەكی بەرهەمهێنانی سوود و قازانجی ئابووری، ژینگەیی، كۆمەڵایەتی و سیاسییە.
بە گووتەی ئەو بەرپرسەی بواری ژینگە، ئەو دەرامەتە ئاویانەی هەرێمی كوردستان خاوەنیەتی، گرەنتی ئەوە دەكات، ناوچەكە دوور بخاتەوە لە قەیرانی كەمئاوی، تێكچونی كەشوهەوای گۆی زەوی و دووبارە بونەوەی وشكەساڵی بەردەوام و نەبوونی پلانێكی زانستی ، هەرێمی لە لێواری مەترسی سەرهەڵدانی قەیرانی ئاو نزیك كردوەتەوە. گووتیشی:” نەبوونی بەنداو وادەكات كە ئەو بڕە ئاوەی لە وەرزی بارانباریندا فەراهەم دەبێت، بەئاسانی و خۆڕایی بەهۆی نەبونی بەنداو و بەربەستی پێویستەوە لە دەست بچێت”.
هەژار ماهیر، گووتیشی:” نەتەوە یەكگرتوەكان ساڵانە راپۆرت بڵاودەكاتەوە، تیایدا هەموو وڵاتانی جیهانی لە كەمبونەوەی ئاو لەسەر گۆی زەوی ئاگادار دەكاتەوە، هۆكاری ئەو كەمبونەوەیەشی دەگەرێنێتەوە بۆ زۆربونی ژمارەی دانیشتوانی جیهان و بەفیڕۆدانی ئاو، ئەو گۆڕانكاریانەی لە كەشوهەوای گۆی زەویدا روودەدەن، رێكخراوەكە هۆشداری ئەوەی داوە نیوەی دانیشتوانی گۆی زەوی رووبەڕووی قەیرانی بێ ئاوی دەبنەوە یان ناتوانن دەستیان بگات بە ئاوی پاك.
سۆران لە ساڵی 2022 بووەتە ئیدارەی سەربەخۆ و هەریەك لە قەزای سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان و رواندز، خەلیفان و سیدەكان ئیدارەكە پێكدێنن و زیاتر لە ” 350 ” هەزار دانیشتووی هەیە، چەندین شوێنی ستراتیژی گرنگی هەن بۆ دروست كردنی بەنداو گونجاون، ئەمە لە كاتێكدایە ناوچەیەكی شاخاوی و ساردە، ساڵانە لە زۆرترین بەفر وبارانی كوردستان لە شار و شارۆچكەكانی ئەو دەڤەرە دەبارێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەنداو هیچ سوودێك لە ئاوی بەفر و باران و رووبارەكان وەرناگیرێت”.
دڵشاد حوسێن بەڕێوەبەری كشتووكاڵی چۆمان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” لە سنووری قەزای چۆمان كە شوێنی لەباری بۆ دروستكردنی بەنداو و پۆند هەیە تا ئێستا لێی دروست نەكراوە، كە هەموومان دەزانین سودی یەكجار زۆری هەیە بۆ جوتیاران و گەشتیار و سامانەكانی دیكە، بۆیە پێویستە حكوومەت و وەزارەتی كشتووكاڵ گرنگی زیاتر بە دروست كردنی بەنداو بدات و پتر بپڕژێنە سەر ئەو كارانە و بوددجەی تایبەتی بۆ دابین بكرێت”.
زیاتر گووتی:” بەهۆی گۆڕانی كەش و هەوا و كەمبوونەوەی دابارین و دروستكردنی بەنداوی گەورە لەلایەن ئێران و توركیا مەترسی و دروستبوونی قەیرانی ئاو لە هەرێمی كوردستان هەیە، بۆیە باشترین كارە لە شار و شارۆچكەكان گرنگی بە دروست كردنی بەنداو بدرێت .
هەڵكەوتەی هەرێمی كوردستان گونجاوە بۆ دروستكردنی بەنداو، بۆیە دروستكردنی بەنداوەكان پێویستە لە كارە لە پێشینەكانی حكومەتی هەرێمدا بێت، چونكە چەندین سوودی هەیە بە تایبەت بۆ بواری ئاودێری و بەرهەمێنانی وزەی كارەبا و بەرهەمهێنانی ماسی، لە هەمان كات، هۆكارێكی گرنگ دەبێت بۆ بوژانەوەی كەرتی گەشتیاری و باشتركردنی ژینگە و چەندین سوودی دیكە”.
بەپێی زانیاریەكانی زاری كرمانجی، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداوەكان ماستەر پلانێك ئامادەكراوە بۆ دروست كردنی بەنداوی نوێ، بەپێی ئەو ماستەر پلانە لە داهاتوودا كوردستان دەبێتە خاوەن250 بەنداو، واتە نزیكەی 200 بەنداوی نوێ لە شار و شارۆچكەكان دروست دەكرێن و لێكۆڵینەوەیان لەسەر كراوە و شوێنەكانیشیان دیاری كراوە، كات و ساتی دروست كردنیان دەگەڕێتەوە سەر توانانی حكوومەت و هەبوونی بوددجەی پێویست، ئەگەر بێتوو بوددجەی پێویستیان بۆ دابین بكرێت بێگومان لە داهاتوو دروست دەكرێن .