مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە لایەن هێزێكی پۆلیس لە ناو ماڵەكەی خۆیدا دەستگیركرا .
میدیاكانی توركیا بڵاویان كردەوە جگە لە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو بڕیاری دەستگیركردن بۆ 100 كەسی دیكەش دەرچووە، كە لە نێویاندا موراد ئۆنگون، راوێژكاری میدیایی ئیمامئۆغڵوش هەیە .
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیای توركیادا بڵاوكراونەتەوە “بڕیاری دەستگیركردن بۆ زیاتر لە 100 كەس دەركراوە، بە بیانووی گەندەڵی و هاوبەشیی نێوان جەهەپە و پەكەكە كە لە نێویاندا ئەكرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆكی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ و چەندین بەرپرسی دیكەی جەهەپە هەیە،”
هەر بە پێی زانیارییە بڵاوكراوەكانی میدیای توركی “دەستگیركراوان دەگوازرێنەوە بارەگای ئاسایش و گوتەیان لێ وەردەگیرێت.”
ئیمامئۆغڵو بەر لە دەستگیركردنی رایگەیاند “بە نیگەرانییەوە دەڵێم، جۆرە عەقڵێك هەوڵدەدات ویستی گەلەمان زەوت بكات و پۆلیسی خۆشەویستی و هێزە ئەمنییەكانی وڵاتمان بۆ ئەم خراپەیە بەكاردەهێنێت. لە ئێستادا لەبەردەم ماڵەكەمدا، لە بەردەم ماڵی 16 ملیۆن ئیستەنبووڵی؛ سەتان پۆلیس كۆبوونەتەوە.”