مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە نوێترین ڕاپۆرتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هاتووە “كۆماری ئیسلامی ئێران بە گرنگینەدان بە بنەماكانی مافی مرۆڤ، نە تەنیا بە چەوساندنەوەی ڕێكخراوانەی ئەو كۆمەڵگایانە درێژە دەدات، بەڵكوو سێدارە بە ئامرازێك بۆ لە نێوبردنی ناسنامە، بەرخۆدان و مافی ژیانی ئەوانیش بەكار دەهێنێت.”
مای ساتۆ، ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر بابەتی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران، ڕاپۆرتێكی سێ بەشی تایبەت بە پێشێلكردنی ڕێكخراوانەی مافەكانی ژنان، ژنكوژییەكان و سێدارەی پێشكەش بە رێكخراوەكە كرد و ڕایدەگەیەنێت “كۆماری ئیسلامیی ئێران، سێدارە وەكوو ئامرازێك بەمەبەستی كوشتن، چەوساندنەوە و ترساندنی ڕێكخراوانە، بەتایبەت لە پەیوەندی لەگەڵ كوردەكان، بەلووچ و عەرەبەكان كەڵك وەردەگرێت.”
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە كە بە شوورای مافەكانی مرۆڤی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان پێشكەش كراوە، ٤٩٪ی بەندكراوانی سیاسی لەسێدارەدراو لە ئێران لە ماوەی 13 ساڵ واتە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ تا ٢٠٢٣، لە نەتەوەیی كورد بوون. هەروەها ٢٩٪ لە هاووڵاتییانی بەلووچ و ١٦٪ لە هاووڵاتییانی عەرەب و ٦٪ی دیكە لە كەمینە نەتەوەیی و پێكهاتەكانی دیكە بوون.
لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران دوای شۆرشی (ژن ، ژیان، ئازادی) گۆشارەكانی بە چەوساندنەوەی بەرفراوانی دژبەران، ژنكوژی، دەستبەسەركرانی سەرەڕۆیانەی چالاكانی مەدەنی، ئازاردانی بنەماڵەی دادخوازان، لەسەر كۆمەڵگای مەدەنی و كەمینە نەتەوەیی/ ئیتنیكییەكانی زیاتر كردووە.