مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی:
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 18ـی ئاداری 2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە ناو غەززە چەند سەرکردەیەکی بزووتنەوەی حەماسی کردە ئامانج و بەپێی راگەیاندراوێکی حەماس لە هێرشەکەدا 5 سەرکردەی باڵای بزووتنەوەکە کوژران کە پێکهاتوون لە
(ئەبو عوبەیدە جەماسی ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، عیسام دەعالیس ئەندامی مەكتەبی سیاسی، لیوا مەحمود ئەبو تەفە بریكاری وەزارەتی ناوخۆی كەرتی غەززە، عەمید بەهجەت ئەبو سوڵتان بەرپرسی ئاسایشی ناوەخۆی كەرتی غەززە، ئەبو عومەر حەتە بریكاری وەزارەتی داد لە كەرتی غەززە.)
بە گوێرەی سەرچاوە ناوخۆییەکانی فەلەستین، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل شوققەیەکی نیشتەجێبوونی لەکەمپی جەبالیا و خانووێکی لە شاری بێت حانوون و چەند شوێنێکی دیکەی لەهەردوو شاری ڕەفەح و خان یونسی باشووری غەززەی بۆمباران کردووە.
سەرچاوە نافەرمییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن بە هۆی هێرشەکانەوە، 200 کەس کوژراون و زیاتر لە 300 بریندار هەیە .