دیدار-محەمەد هەسنانی
بەڕێوەبەری ناحیەی سیمیلان لە سنووری قەزای چۆمان، لە دیدارێكی زاری كرمانجی تیشكدەخاتەسەر كارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیان و بەرنامەو پلانی داهاتوویان، دەشڵێت: ” پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان كاری لە پێشینەی حكوومەت بووە.
لە بەردەوامی قسەكانیدا شاخەوان حسێن بەڕێوەبەری ناحیەی سمیلان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: “سنووری ناحیەكەمان فرەوانە و ناوچەیەكی شاخاوییەو بە دەیان گوند لە خۆدەگرێت، كە دانیشتووانەكەی بەشێكیان مووچەخۆر و فەرمانبەری حكوومی و دام و دەزگاكانن و ئەوانی دیكەش بە كاری كشتوكاڵ و وەرزێری و ئاژەڵداری سەرقاڵن، ئێمەش لای خۆمان بەپێی ئەو ئیمكانیاتەو بودجەیەی بۆمان تەرخان دەكرێت، ساڵانە خزمەتگوزاری جیا جیا پێشكەش بە دانیشتووانەكەی دەكەین”.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا دەڵێت: “لە ساڵی ڕابردوو چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ سەنتەری ناحیەی سمیلان و گوندەكانی ئەنجامدراون، بەتایبەت لە ڕووی قیڕتاو كردنی ڕێگای چەند گوندێك و پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەو ئاودێری و گەیاندن و نۆژەنكردنەوەی تۆڕی كارەبای نیشتیمانی و بەیاخدان بە بواری پەروەردەو تەندروستی و چەندین پڕۆژەی دیكەی جۆراو جۆر، هەروەك پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان كاری لە پێشینەی حكوومەت بووەو بەردەوامیش دەبین”.
بەڕێوەبەری ناحیەی سمیلان، دەشڵێت: ” سەرەڕای ئەوەی كە سنوورەكەمان كۆێستانەو چەندین شوێنی سەرەنج ڕاكێشی هەیە بۆ گەشتیاران، كەچی تائێستا پڕۆژەی گشتیاری لە ناوچەكە نەبووە، بۆ ئەمەش خەریكە كاری لەسەر دەكەین، بۆ یەكەمینجار هاووڵاتییەك داواكاری مۆڵەت وەرگرتنی پێشكەش كردووە بۆ ئەوەی پڕۆژەی گشتیاری لە سنووری ناحیەی سمیلان بكاتەوە، ئێمەش وەك ئیدارەی ناوچەكە بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەكان هاوكار دەبین و بە كارێكی باشی دەزانین، هیوادارین كەسانی زیاتریش لەم ڕووە بێنە پێش و سێكتەری گەشتیاری لە سنوورەكەمان ببوژێتەوە”.
دەربارەی دەستپێكردنەوەی كارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیان، ئاشكرای كرد: “ساڵانە بەهۆی سەرماو سۆڵە لە وەرزی زستاو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان ڕادەگیرین، لە وەرزی بەهار دەست دەكرێتەوە بە كارو پڕۆژەكان، بۆ ئەمساڵ كۆمەڵێك پڕۆژەمان پێشكەش كردووەو لە چاوەڕوانی گەڕانەوەو ڕەزامەندین، بۆ ئەوەی بە بەرنامەو پلانێكی توكمە خزمەتگوزارییەكان پێشكەش بە هاووڵاتییان بكەین “.
شاخەوان حسێن بەڕێوەبەری ناحیەی سمیلان، ئەوەشی خستەڕوو: ” ساڵانە بودجەیەكی تایبەت تەرخان دەكرێت، بۆ خاوێنكردنەوە و فرەوانكردنی ڕێگای ڕەزو باخ و گوند و زەوویە كشتوكاڵییەكان، چونكە بەهۆی باران برین و كۆبوونەوەی ئاو زیان بە ڕێگاوبانەكان دەگات، بۆ ئەمساڵیش لە چاوەڕوانیداین و بەهیواین لە ئایندە دەست بەو جۆرە كارو پڕۆژانە بكرێتەوەو ئاستەنگەكانی بەردەم گوندنشینان و جوتیاران و خاوەن ڕەزو باخەكان لاببردرێن.