زارى کرمانجى:
سەرۆک وەزیرانى عێراق لەگەڵ وەزیرى بەرگریى ئەمریکا پەیوەندییەکى تەلەفۆنییان ئەنجام دا و دووپاتی پاراستنی ئاسایشی هەرێمایەتییان كردەوە، باسی سەرهەڵدانەوەی داعشیشان لە سوریا كرد و دەوترێت چەكی نوێیان دەستكەوتووە.
نووسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی لە راگەیاندراوێكدا وردەكاریی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی سەرۆك وەزیران سودانی و وەزیری بەرگریی ئەمریكا پیت هێگسەسی بڵاوكردەوە، كە دوێنێ ئەنجامدراوە.
بە گوێرەی راگەیاندراوەكە، هەردوولا باسیان لە رێگریكردن لە سەرهەڵدانەوەی رێكخراوی توندڕەوی داعش لە سوریا كردووە، لەوەی مەترسی دروست بکات، دواى ئەوەى بە گوێرەی راگەیاندراوەكە “چەکى نوێىان دەستکەوتووە و ریزەکانیان رێکخستووەتەوە”.
هەروەها باس لەوە كراوە، سەرۆك وەزیرانی عێراق پابەندی وڵاتەكەی دووپات کردووەتەوە بۆ پاراستنى راوێژکارانى هاوپەیمانى نێودەوڵەتیى دژى داعش لە عێراق.
“وەزیری بەرگریی ئەمریكا پابەندبوونی وڵاتەكەی بە پاڵپشتیی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق و ناوچەكە، بۆ ماوەیەكی دوور دووپاتكردووەتەوە، لە راگەیاندراوەكەدا واهاتووە.
هەروەها هەردوولا پابەندبوونی خۆیان بۆ رێگریكردن لە هەر هەڕەشەیەكی گرووپە توندڕەوەكان لە ناوچەكەدا دووپاتكردووەتەوە