زاری كرمانجی-سۆران
بڕیاری مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و چین و توێژەكان، بووتە جێگەی دڵخۆشی هاووڵاتییانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بە گرنگییەوە لێی دەڕوانن، داواكاریشن لە لایەنە پەیوەندیدارەكان لەگەڵ دابەشكردنی زەوی خزمەتگوزاری پێویستیش بە شوێنەكە بگات.
وەك هاووڵاتییانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ زاری كرمانجی ئاماژەی بۆ دەكەن: ” هەر بڕیارێك لەبەرژەوەندی گشتییەوە بێت، جێگەی دەستخۆشی كردنەو دواجار خزمەت بە كۆمەڵگە دەكات، دەشڵێن: “ئەگەرچی ساڵانێكی زۆر بوو پڕۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و چین و توێژەكان ڕاگیرا بوو، بەڵام خۆشبەختانە لە ساڵی ڕابردوو بە بڕیاری مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، جارێكی دیكە بڕیاری ئەوە درا كە دەست بكرێتەوە بە دابەشكردنی زەوی، دوای ئەوەش وەزارەتی شارەوانی و دام و دەزگاكان بە ئەركی خۆیان هەستاون، بە دیاری كردنی ناوی ئەو كەسانەی مەرجەكانی پێدانی زەوی دەیانگرێتەوە”.
داواكاریشن لە ڕێگەی زاری كرمانجیەوە: “ئەو شوێنانەی زەوییان لێ دابەشدەكرێت، ئیدارەو شارەوانییەكان بە ئەركی خۆیان هەڵبستن، بە دابینكردنی خزمەتگوزاری پێویست، وەك جیاكردنەوەی نەخشەكان و چاككردنی ڕێگاوبان و پڕۆژەكانی ئاو كارەبا و بنكەی تەندروستی و قوتابخانەو سەرجەم ئەو خزمەتگوزاریانە كە بۆ گەڕەك و كۆمەڵگەكان پێویستن، دواجار دەبێتە هۆكارێك بۆ زیاتر ئاوەدانی و چارەسەری گرفتی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان”.
لای خۆیەوە خەسرۆ ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: ” ئەوەی زیاتر پەیوەستە بە ئێمە شارەوەانییەكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، بۆ ئەمەش رێكارەكانمان بەردەوامە بۆ پێداچوونەوەو دیاری كردنی خاڵبەندی و پەیڕەو كردنی ئەو ڕێنماییانەی تایبەتن بەو كەسانەی كە پێدانی زەوی دەیانگرێتەوە”.
بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی سۆران، گوتیشی:“ سەبارەت بە ئەنجامدانی پڕۆژە كاروانی خزمەتگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامی هەبووەو بەردەوامیش دەبێت، واتە بەپێی پلان و بەرنامە هەر شوێنێك بە پێویست و گرنگ بزانرێت، خزمەتگوزاری پێویستی پێشكەش دەكرێت.