وەزارەتی دارایی بە نووسراوێكی چوار خاڵی بۆ وەزارەت و فەرمانگەكان لەبارەی ئامادەكردنی لیستی مووچە دەركرد.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، راگەیاند، بۆ ئامادەكردنی لیستی مووچەی مانگی ئادار بە نووسراوێك چەند خاڵ دیاری كراون و دەبێت لە ئامادەكردنی لیستی مووچەدا ڕەچاو بكرێن.
یەكەم: بە هیچ جۆرێك هیچ كەسێك لە لیستی مووچە زیاد نەكرێت بە هۆكاری ئەوەی كەسوكاری شەهیدە، یاخود لەبیر كراوە، یان هەر هۆكارێكی دیكە.
دووەم: پێویستە ڕوونكردنەوەیەك بە عەربی بە پەسندكراوی ڕەوانە بكەن، كە تیایدا بەتەواوی ئاماژە بە وردەكارییەكان بدرێت، بۆ نموونە چەند كەس خانەنشین بوونە، یان لە مۆڵەتدان، یان هەر حاڵەتێكی دیكە.
سێیەم: هیچ گۆڕانكارییەك لە لیستی مووچەدا ناكرێت، مانگی دوو دەبێتە بنچینە.
چوارەم: تەنیا مۆڵەتە بێ مووچەكان ئەگەر هەبێت لەكاتی دەست بەكاربوونیان بێت زیاد دەكرێن.
سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی ئاشكراشی كرد لەشەوی ڕابردووەوە سیستەمی (پەیڕۆڵ) بەردەستە بۆ ئامادەكردنی لیستی مووچەی مانگی سێ و بەزووترین كات لیستی مووچەیان بۆ ڕەوانەی دارایی دەكرێت.