زارى كرمانجي – سۆران :
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕۆژی هەینی ١٤ی ئازار لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ڕەشنووسی پلانێک بۆ قەدەغەکردنی هاتنی هاووڵاتیانی ٤٣ وڵات بۆ ئەمریکا ئامادە دەکات. بەگوێرەی ڕەشنووسێک کە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە بەرپرسانی دیپلۆماسی و ئەمنییەوە دەستی کەوتووە، لیستەکە سێ ئاستی وڵات لەخۆدەگرێت و فراوانتر دەبێت لە سنووردارکردنەکانی خولی یەکەمی ترەمپ. بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، بەپێی ئەم پلانە، هاتنی هاووڵاتیانی ئێران، ئەفغانستان، سوریا، کۆریای باکوور، لیبیا، سۆماڵ، سودان، ڤەنزوێلا، یەمەن، کوبا و بۆتان بە تەواوی قەدەغە دەکرێن. هەروەها لیستی پرتەقاڵی ئەم پلانە دە وڵاتی تێدایە کە گەشتی هاووڵاتیانیان سنووردارە بەڵام قەدەغە نییە. هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانەی لەم لیستەدا هەن، تەنیا لە هەندێک حاڵەتدا ڕێگەیان پێدەدرێت بچنە ئەمریکاوە، بەڵام ڤیزەی گەشتیاری یان کۆچبەرییان پێنادرێت. لیستی زەردی ئەم پلانە هاوڵاتییانی 22 وڵاتیش دەگرێتەوە کە پێویستە چاوپێکەوتنی ڕاستەوخۆ ئەنجام بدەن بۆ وەرگرتنی ڤیزا و لە ئەگەری ونبوونی بەڵگەنامەکان، 60 ڕۆژیان دەبێت بۆ دابینکردنی بەڵگەنامەی پێویست بۆ چوونە ناو ئەمریکا. هاوڵاتیانی ناو ئەم لیستە ئەگەر پابەند نەبن بەم هەڕەشەیە دەگوازرێنەوە بۆ یەکێک لە لیستەکانی تر. بەپێی ڕاپۆرتی نیویۆرک تایمز، ئەم ڕەشنووسە هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە و ڕەنگە گۆڕانکاری بەسەردا بێت. هەندێک وڵاتی ناو ئەم لیستە پێشتر لەژێر قەدەغەکردنی گەشتەکانی ترەمپدا بوون، بەڵام بەشێکی زۆریان تازەن. دۆناڵد ترەمپ لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا، سنوورێکی تەواوەتی بۆ هاتنە ناوەوەی هاووڵاتیانی حەوت وڵات لە نێویاندا ئێران بۆ ناو خاکی ئەمریکا سەپاند.