زارى كرمانجي – سۆران :
ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا ڕۆژی هەینی ١٤ی مارس لە زاری چوار بەرپرسی ئێرانییەوە ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی سەرەڕای بێمتمانەیی قووڵ بە ئەمریکا و بە تایبەتی دۆناڵد ترەمپ نیگەرانە لەوەی کە ناڕازیبوونی خەڵک لە کێشە ئابوورییەکان بگۆڕێت بۆ “ناڕەزایەتیی بەربڵاو”.
ئەم بەرپرسانە جەختیان لەوە کردەوە کە سەرەڕای هەڵوێستە توندڕەوەکان و تۆنی تەحەدای سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەردەم خەڵکدا، لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە، خواستێکی پراگماتیک بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ واشنتۆن هەیە.
بە گوتەی ئەوان، گەڕانەوەی خێرای ترەمپ بۆ سیاسەتی “زۆرترین فشار” و هەوڵەکانی کەمکردنەوەی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ نزیک لە سفر لە ڕێگەی سزای زیاترەوە، نیگەرانییەکانی تارانی زیاتر کردووە. ئەم گوشارانە بە پێی سەرچاوەکانی ڕۆیتەرز زیاتر کاریگەرییان لەسەر ئابوری ئێران داناوە کە پێشتر گەمارۆیەکی توندی بەسەردا سەپێنرابوو.
هەروەها مەسعوود پێشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، چەندین جار هۆشداریی لە سەختی قەیرانی ئابووری لەو وڵاتە داوە و بە توندتر لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق وەسفی کردووە. ناوبراو لەم دواییانەدا ئاماژەی بە خولی نوێی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر تانکەرەکانی هەڵگری نەوتی ئێران کرد و لێکەوتەکانی بە جیددی زانی.