زارى كرمانجى – سۆران :
هاوڕێیان، خۆشەویستان، مرۆڤ دۆستان، ئێمە كۆمەڵكوژ كراین، با لۆتان باس بكەم، چۆن كۆمەڵكوژ كراین؟
دڕندەكە، هاتە ژوورەوە، گوتی سانا وەرە پێشم بكەوە. گۆتی نایەم، (سانا، كە خێزانی بوو، خوشكی گەورەمانە، پزیشكی پسپۆڕی ئافرەتان و لەدایك بوون. تا بڵێی دڵسۆز و خەمخۆری هەموومان بوو، زۆر بەخشندە و خێركەر بوو، زۆر یارمەتی خەڵكی دەدا، زۆر هەوڵی پەروەردەكردنی منداڵەكانی خۆی دەدا، هەرچەند باسی بكەم، تا لەنزیكەوە نەیناسی، نازانی چ كەسێك بوو).
سانا، كە گوتی نایەم، دڕندەكە دەمانچەكەی دەرهێنا. سەناریای خوشكم (سەناریا، كە پزیشكی پایەبڵندی سۆنەرە و قوتابی بۆردە، پەپولەی ماڵەكەمان بوو، زۆر زۆر موزەحی بوو، راگری ماڵەكەمان بوو، خەمخۆرو فریادڕەسی هەموومان بوو، دەست و پێی داك و بابم بوو، لە هەركەسیك كە هاوڕێی بوو بپرسن، بڵێن كەسێكی چۆن بوو، ئەوكاتە دەزانن كێ بوو)
سەناریا، هەر وەك پیشەی خۆی، كە موزەحی ماڵەكەمان بوو، هەوڵدەدات دەستی ئەو نامرۆڤە بگرێت، كە هەردوو دەستی دەگرێت، پاش پاڵپێوەنانی یەكتر و تەقاندنی چەند گولەیەك، یەكەم گولەی لە ملی داوە، سەناریا كەوتە خوارەوە، ئینجا دەستی كرد بە تەقەكردن لە سانا و هەرزوو پاش گولە لێدان لە سنگی، گیانی دەردەچێت.
دواتر دووبارە چەند گولەیەك لە سەناریا دەدات، ئەوجا دووبارە دێتەوە سەر سانا و گولەی تری پێوە دەنێت. پاشان دایكم كە وەك دەڵێن سانای لەباوەش كردیە، گوولەكانی لە پشتەوە لێداوە، داكم (صباحت، خۆشەویستی خەڵكان، قسە خۆشی ناو مەجلسان، خێركەری ناو خێزانمان، روح و گیانی ئەمن بوو).
پاشان نۆرەی بابم هاتیە، (بابم، كەسێكی تابڵێی تێگەیشتوو، خوێنەوار، ٤٠ ساڵ لە تەمەنی مامۆستا بووە، پێگەیەكی دیاری هەیە لەناو كۆییان، تا بڵێی قسەو مەجلیسی خۆش بوو) بابم بە گۆپاڵەوە هاستایتەوە، ئەویش چەند گولەیەكی لێدراوە.
سەهەندی خوشكم، كەلەهەمان هۆڵ بوونە، پێی گوتییە نەیە پێش دەنا دەتكوژم، هەر هاواری كردییە، دە توخوا بەسە، توخوا بەسە، هەمووت كوشتن، ئەو هاوارە، گەیشتە هەر ٧ تەبەقی ئاسمان، بەڵام نەگەیشتە سەر دڵ و دەروونی ئەو بێ ویژدانە نا مرۆڤە.
ئینجا چووەوە پاش، دووبارە گەڕایەوە و پاش مەخزەن گۆڕین، هەریەكەو هەندەك گولەی تری پێوەنان. لاڤینی كچی سەهەند و كارینی كچی سیابۆ، گولەی بەوانیشەوە نابوو، لاڤین بە قاچی كەوتووە، و كارینیش بە ئاراستەی پشتی بوو، بەڵام بەری نەكەوتووە، سۆمای خوشكی گچكەم، كە دەمانچەی لەسەر ویش دانابوو، لۆخۆشی نازانی كو لێی نەدابوو، ئینجا لەدوای چوونە دەرێ، ٤ تەرمی بەجێ هێشت.
دوا قسەی سەناریا، بە سۆمای خوشكمی گوتبوو ئاگات لە منداڵاكانت بی. دوا قسەی بابیشم، بە پێكەنیەوە گۆتبووی هەموومانی كوشت. سانا و داكیشم بی هیچ وشەیەك گیانیان دەرچووبوو.
لە بنەماڵەكەمان، كە ١٠ كەس بووین، دابەش دوو كراین. ئێستا تەنها ٥ كەس ماوین.
خوایە هاوارە، دڵمان بریندارە، جەرگمان بە ئازارە.
ئەوەی روویدا، بێ وێنەیە لە دڕندەیی، هەولێر، كوردستان، هەموو جیهان شڵەژاوە.