موڕشید برادۆستی – سۆران:
لە ماوەی سێ ڕۆژدا، دەیان كۆمپانیای گەشتیاری لە شارەكانی عێراق و هەرێمی كورستان ڕوویان لە ئیدارەی سۆران كرد و بە ئامادەیی شارەزایانی ئەو بوارە و بەرپرسان دیكەی حكومی دیداری پاییزی گەشتیاری بەڕێوەچوو
دیدارەكە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سۆران و بە هەماهەنگی گەشتوگوزاری ڕواندز و مێرگەسۆر و چۆمان لە چیای كۆڕەكی گەشتیاری بەڕێوەچوو، جیا لە سەرپەرشتیاری ئیدارە و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان و بەڕێوەبەری گەشت و گوزارەكانی دەڤەرەكە، هاوكات، سەرۆكی دەستەی كۆمپانیا گەشتیارییەكانی عێراق و بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەكانی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغدا و چەندین بەرپرسی دیكە ئامادەییان هەبوو، ئەمڕۆ كۆتایی بەكارەكانی هات.
بارزان محەممەد بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” بە مەبەستی هەماهەنگی زیاتر لە نێوان گەشتوگوزاری شارەكانی كوردستان لەگەڵ گەشتوگوزاری باشوور و ناوەڕاستی عێراق، لە دیداری پاییز لە ئیدارەی سۆران نزیكەی ٧٠ كۆمپانیای گەشتیاری لە باشوور ناوەڕاستی عێراق و شارەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك بەشداری دیدارەكە بوون لەگەڵ شاندێكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و بەشێك لە خاوەنی شوێنە گەشتیارییەكانی ئیدارەی سۆران كە بۆ ماوەی ٢ شەو و سێ ڕۆژ لە دەڤەرەكەمان مانەوە، لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژەدا لێكتێگەیشتنێكی باش هاتووەتە ئاراوە، بۆ ئەوەی بتوانین كێشە و گرفتەكانی بەردەم كۆمپانیا و گەشتیاران بە شێوەیەكی گشتی چارەسەر بكەین، لە دیدارەكەدا دەرگای گفتوگۆ بەڕووی كۆمپانیا گەشتیارییەكان كرایەوە و تێیدا چەندین پێشنیاز و ڕێگا چارەی گونجاو خرانە بەر باس بۆ كاركردن لەسەری بۆ ئەوەی كەرتی گەشتیاری زیاتر ببووژێتەوە.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، دەڵێت:” ئیدارەی سۆران یەكێكە لە ناوچە گرنگە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان، لە بۆنە و ڕۆژەكانی پشوو هەزاران گەشتیار لە ناوچە جیاوازەكانی عێراق و شارەكانی كوردستان ڕوو لەو شوێنانە دەكەن، دواتر كۆی ئەو دیدارە بە ٢٢ ڕاسپاردە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكانی بەغدا و هەرێم كۆتایی هات .