زارى کرمانجى:
بە گوێرەی بەڵگەنامەیەک کە کۆپیەکی دەستی ماڵپەڕی کوردستان24 کەوتووە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە تازەترین بڕیاردا، بە فەرمانێکی نهێنی و تایبەت، ژنهینانی ئەفسەر و پۆلیس و ئەندامانی هێزەکانی سەر بە وەزارەتەکەی مەرجدار دەکات و ڕایگەیاندووە، هەر ئەندامێکی وەزارەتی ناوخۆ لە هەر پلە و پۆستێکدا بێت، ئافرەتی بەدڕەوشت یان ناوبانگخراپ بخوازێت، ئەوە زیندانی دەکرێت.
فەرمانە وەزارییەکە، 9ی ئەم مانگە لەلایەن عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراقی ئیمزا کراوە و ڕۆژی دواتر نووسینگەی وەزیر بۆ جێبەجێکردنی ناوەرۆکەکەی ئاراستەی هەر یەک لە ئاژانسی کاروباری هەواڵگری و لێکۆڵینەوەکانی فیدراڵی، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش و هەموو نووسینگەکانی دیکەی سەر بە وەزارەتەکە، کردووە.
لە فەرمانە وەزارییەکەدا هاتووە “لەسەر بنەمای ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە بەپێی بڕگەکانی ماددەی (4/یەکەم) لە یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (20)ی ساڵی 2016 و بڕگەی (چوارەم)ی ماددەی (13) لە یاسای سزادانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە ژمارە (14)ی ساڵی 2008، تێیدا هاتووە، هەر ئەفسەرێکی پۆلیس یان ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان بەهۆی هاوسەرگیریی لەگەڵ ئافرەتێک کە ناوبانگێکی خراپی هەیە و زانیاری لەسەر هەبووە، ئەوە سزای زیندانی دەدرێت”.
هەروەها فەرمانە وەزارییەکە لە پێنج خاڵدا ڕوون کراوەتەوە و لە کۆتاییدا ئاماژەی داوە کە فەرمانەکە لە ڕۆژی دەرچوونییەوە، واتە لە 10ی ئەم مانگەوە جێبەجێ دەکرێت.
