زاری كرمانجی-سۆران
ساڵانە لە وەرزی باران بارین و سەرماو سۆڵە بەشێكی زۆری پڕۆژە خزمەتگوزاری لە شارو شارۆچكەو گوندەكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕادەگیرێن، لەئێستاشدا لە وەرزی بەهار نزیك دەبینەوە، هاووڵاتییان خوازیارن پڕۆژەكان دەست پێبكاتەوە.
لای خۆیەوە هەژار حەكیم، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە زاری كرمانجی گووت: ” ساڵانە بەهۆی باران بارین و سەرماو سۆڵە لە وەرزی زستان پڕۆژەخزمەتگوزارییەكان ڕادەگیرێن، بەڵام سەرەڕای ئەمەش هەندێ لە پڕۆژەخزمەتگوزارییەكان بەردەوامیان هەبووەو كارەوانی خزمەتگوزارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامی هەیە”.
گووتیشی: “لەئێستادا لەوەرزی بەهار نزیك دەبینەوەو خەریكە وەرزی سەرما تێپەڕ دەبێت، بەمەش لەماوەیەكی نزیكدا دەست دەكرێتەوە بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان، لە شارو شارۆچكەو گوندەكانی سنووری ئیدارەی سۆران.