ئا: بەختیار سەباح
خانمە چالاكوانی پاكستانی مەلالە یوسفزەی، براوەی خەڵاتی نوبڵ، بۆ یەكەمجار لە دوای 13 ساڵ گەڕایەوە زێدی خۆی لە باكوری پاكستان.
مەلالە ئەو كچە چالاكوانەی خەڵكی وڵاتی پاكستان، لەسەر داكۆكیكردن لە كچان و خانمانی ناوچەكەی خۆی، لەلایەن بزووتنەوەی تالیبان كرایە ئامانج و بە سەختی برینداركرا.
مەلالە یوسفزەی، لەسەر پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس لە بارەی زێدی خۆیەوە نووسیویەتی،”كاتێك منداڵ بووم، هەموو ڕۆژانی پشووم لە شانگلە بەسەر دەبرد، لە پاڵ ڕووبارەكە لەگەڵ خێزانەكەم یاریم دەكرد و نانم دەخوارد. خۆشحاڵم ئەمڕۆ بۆ ئێرە دەگەڕێمەوە، لە پاش 13 ساڵ، تاوەكو لەنێو ئەم چیایانەدا بم و دەستەكانم بخەمە ناو ئاوی ئەم ڕووبارە ساردەوەو لەگەڵ ئامۆزا و پورزا و خاڵۆزا خۆشەویستەكانم بم. ئەم شوێنە زۆر لام ئازیزەو هیوادارم بەردەوام بۆی بێمەوە”.
”هیچ كات خەو نەدەچووە چاوەكانمەوە،
چونكە هەر خەیاڵم لای كچانی شانگلە بوو”
مەلالە زیاتر نووسیویەتی و دەڵێت: “داوا لە خودا دەكەم ئاشتی هەموو شوێنێكی ئەم وڵاتە جوانەمان بگرێتەوە، هێرشەكانی ئەم دواییە، بەوەی چەند رۆژی رابردوو كە لە بانو ڕوویدا، دڵتەزێنن، پرسەو سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی كەسوكاری قوربانییەكان دەكەم و نوێژ و نزا دەكەم هەموو تاكێكی ئەم نیشتمانە سەلامەت بێت.”
مەلالە یوسفزەی هەر لەگەڵ گەیشتنی بۆ ناوچەی شانگلە، لەلایەن كەسوكاری و خەڵكی ناوچەكە پێشوازییەكی گەرمی لێكراوە، لە لێدوانێكیدا بۆ دەنگی ئەمەریكا ئاماژەی بەوە كردووە”دەمەوێت بڵێم بۆ من ئەمڕۆ ڕۆژێكی زۆر خۆشە، خەونم بەم ڕۆژە دەبینی، كاتێك ئەمڕۆ بە فڕۆكە بۆ ئێرە هاتین، خەو نەدەچووە چاوەكانمەوە چونكە هەر خەیاڵم لای شانگلە بوو، لای چیا و چەم و دار و درختی بوو، وە لە هەمووی زیاتر كچانی شانگلە بوو، ئەمڕۆ ڕۆژێكی هێندە خۆشە هێشتا وەها دەزانم خەوە، ئینشائەڵلا ئەم خەوە هەتا كۆتایی ژیانم لەگەڵمدا دەبێت، شانگلە شوێنێكی دڵڕفێنەو خەڵكەكەی میواندۆست و ماندوونەناسن.”
”ئەو خانمەى تالیبان لەسەر مافى ئافرەتان برینداری كرد، بووە براوەی خەڵاتی نۆبڵ
دوای 13 ساڵ گەڕایەوە زێدی خۆی”
مەلالەی تەمەن 27 ساڵ، لە ساڵی 2012 و لە تەمەنی 15 ساڵی بەهۆی داكۆكیكردنی لە مافی كچان و ژنانی ناوچەكەی لەلایەن بزووتنەوەی تاڵیبانەوە كرایە ئامانج و تەقەی لێكرا، لە ئاكامدا زۆر بە قورسی برینداربوو، بۆیە بۆ چارەسەركردنی برینەكانی بردرایە وڵاتی بەریتانیا، ساڵی 2014 ، لە بەرامبەر خەبات و تێكۆشانی لە پیناو بەدەستهێنانی مافی خوێندن بۆ كچان، خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتیی بردەوە.
خەڵاتی نۆبڵ بەوە ناسراوە کە خەڵاتێکە ساڵانە پێشکەش دەکرێت لە لایەن زانا ئەلفرێد نۆبڵەوە، ئەم خەڵاتە بە یەکێک لە بەبەهاترین و ”ڕاقیترین” ئەو خەڵاتانە دادەنرێت کە دەبەخشرێت لە بەرامبەر کارە فیکرییەکان لە جیهاندا، کە نۆبڵ وەسیەتی کردووە بە پێشکەشکردنی پێنج خەڵاتی ساڵانە بۆ ئەو کەسانەی توانیویانە زۆرترین سوود بە مرۆڤایەتی بگەیەنن، نۆبڵ وەسیەتی کردووە ئەم خەڵاتانە لە بوارەکانی کیمیا و ئەدەب و فیزیا و زانستی پزیشکی، هەروەها خەڵاتیکی تایبەت بە ئاشتی، ئەم خەڵاتانە بۆ یەکەمین جار لە 10-12-1901 پێشکەش کران کە ساڵیادی پێنجەمی کۆچی دوایی ئەلفرێد نۆبڵ بوو.