مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا ڕایگەیاند “دەمەوێت بە زووترین كات جەنگ لە ئۆكراینا كۆتایی پێ بێت و هیوادارم ڕووسیاش بە پێشنیازی ئاگربەست ڕازی بێت.”
دوێنێ سێشەممە 11ـى ئاداری 2025، لە ڕاگەیاندراوێكی هاوبەشی شاندی ئەمەریكا و ئۆكراینا دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەكەیان لە شاری جەددەی سعوودییە، ڕایگەیاند “كیێڤ بە پێشنیازی ئەمەریكا بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ئۆكراینا بۆ ماوەی 30 ڕۆژ ڕازی بووە.”
دوای ئەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا ڕایگەیاند “لەم دوو ڕۆژەدا لەگەڵ ڕووسیا كۆدەبمەوە و قسەش لەگەڵ پۆتین دەكەم،”
دەشڵێت “جارێكی دیكە زێلێنسكی بانگهێشتی ئەمەریكا دەكەمەوە و لە كۆشكی سپی پێشوازیی لێ دەكەم.”
هاوكات ماركۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی “دەبێت ڕووسیا بڕیار بدات كە ئایا ئاگربەست لەگەڵ ئۆكراینا قبووڵ دەكات یان نا، لە كاتێكدا ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان دەربڕیوە لای خۆیەوە.”