زاری كرمانجی – سۆران :
وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، ئەوەی ئێستا لە ڕووی نرخ بۆ پڕۆژەی ڕووناكی پیادە دەكرێ، نرخەكە پاڵپشتیكراوە، لە قۆناغی یەكەمدا هەر كیلۆ واتێك بە 80 دینار هەژمار كراوە، لەكاتێكدا تێچووی لەسەر حكوومەت 150 دینارە.
دەشڵێت: “نرخەكان بەشێوەیەك دەبن، ڕەچاوی خەڵكی كەمدەرامەت و مامناوەند دەكرێ.”
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: “تاوەكوو ئێستا بۆ پڕۆژەی ڕووناكیی كارەبای 24 كاتژمێری هیچ نرخێكی فەرمی جێگیر نەكراوە، ئەوەی ئێستاش پیادە دەكرێ وەكوو ئەزموونە، بە سوود وەرگرتن لە تێچووی كارەبا بەپێی هەر كیلۆ واتێك هەژمار كراوە.”
ئاماژەی بەوەش دا: “ئەوەی ئێستا لە ڕووی نرخ بۆ پڕۆژەكە پیادە دەكرێ، نرخەكە پاڵپشتیكراوە، لە قۆناغی یەكەمدا هەر كیلۆواتێك بە 80 دینار هەژمار كراوە، لە كاتێكدا خۆی 150 دیناری تێچووە، یانی 70 دیناری لەلایەن حكوومەت پاڵپشتی كراوە.”
بەرپرسەكەی وەزارەتی كارەبا ئاشكراشی كرد، ڕەچاوی دۆخی گوزەرانی خەڵك دەكرێت و نرخەكان جیاوازییان دەبێ بۆ خەڵكی هەژار و مامناوەند، گوتیشی: “بەشێوەیەك دەبێ خەڵكی كەمدەرامەت و مامناوەند بە كەمترین خەرجی لە خزمەتگوزاریی كارەبای 24 كاتژمێری سوودمەند بن، ئەوەش لە ئایندە بڕیاری لێ دەدرێت.”
باسی لەوەش كرد، نرخی كارەبای 24 كاتژمێری دوای تەواوبوونی دیراسەكان لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی كارەبا بڕیاری لێ دەدرێ. گوتیشی: “ئەو نرخانەی لە هەندێك میدیا و تۆڕی كۆمەڵایەتی بڵاو كراونەتەوە دوورن لە ڕاستی و تەنیا شیكردنەوەن، ئەوەی هەیە ئەزموونییە و جێگیر نییە، كە بڕیار دەرچوو نرخەكان و شێوازی بەكارهێنانی كارەبا بۆ هاووڵاتییان ڕوون دەكەینەوە.”
گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا جەختی كردەوە: “حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت بە كەمترین تێچوو خزمەتگوزاریی كارەبا بگەیەنێتە هاووڵاتییانی هەژار و كەمدەرامەت و ئامانجیش ئەوەیه كارەبای بەردەوام و 24 كاتژمێری بگاتە هەموو هەرێمی كوردستان.”