لە ماوەی دوو مانگ 269 مۆبایل لە كارمەندان دزراوە
مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕۆژنامەیەكی بەریتانی بڵاوی كردەوە ڕۆژانە ستافی كاری وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا چوار مۆبایلیان لێ ون دەبێت و پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتەش ڕەخنە لە وەزارەتەكە دەگرن و دەڵێن “چۆن دەبێت لە نێو وەزارەتێكی ئاوادا ڕۆژانە مۆبایلی كارمەندان بدزرێت.”
ڕۆژنامەی (دەیلی ئێكسپرێس) لە ژمارەی ئەمڕۆی خۆیدا ڕاپۆرتێكی لە سەر ونبوونی مۆبایلی ستافی كاری وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا بڵاو كردووەتەوە و نووسیویەتی “لە ماوەی تەنیا دوو مانگدا ناوی 269 كارمەندی وەزارەتەكە تۆماركراوە، كە مۆبایلەكانیان لێ ونبوونە،” دەشڵێت “دوور نییە ئەم مۆبایلانە دزرابن.”
بەپێی بۆچوونی بەشێك لە چاودێران پێیان وایە ئەمە جۆرێكە لە دزی و ڕادەگەیەنن “ئەوەی ڕوو دەدات دزەكردنێكی ئەمنیی زۆر نائاسایییە، ئەگەرنا لە كۆی 269 مۆبایلی ون بوو، بۆ دانەیەكیان نەدۆزرایەوە.”