زاری كرمانجی-سۆران
بەپێی زانیاری و بەدواداچوونەكانی زاری كرمانجی، نزیكەی 150 خێزانی ئاوارەی شارو شارۆچكەكانی عێڕاق و ناوچە كوردستانییەكان لە سنووری ئیدارەی سۆران ماون و نەگەڕاونەتەوە، نیگەرانن لەوەی كە حكوومەتی عێراق چەند ساڵێكە پشتی تێكردوون و هیچ هاوكارییەكیان پێشكەش ناكات.
لای خۆیەوە عەباس ئەمیر، بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: ” هەمیشە دەڤەری سۆران ماڵێك بووە بۆ ئاوارەو لێقەوماوان، وەك دیاریشە دوای شەڕی داعش و خراپی ڕەوشی شارو شارۆچكەو ناوچەكانی عێراق، هەزاران خێزانی ئاوارە ڕوویان لە سنووری ئیدارەی سۆران كرد، دوای ئازادكردنەوەی ناوچەكانیان بەشێكی زۆر لەو ئاوارانە گەڕانەوە، سەرەڕایی ئەوەش لە ئێستادا نزیكەی 150 خێزانی ئاوارەی شارو شارۆچكەكانی عێڕاق و ناوچە كوردستانییەكان لە سنوورەكەمان ماون و تائێستا نەگەڕاونەتەوە”.
بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سۆران، نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی كە چەند ساڵێكە حكوومەتی عیڕاق و تەنانەت ڕێكخراوە بیانییەكانیش دەستی هاوكاری بۆ ئەو ئاوارانە درێژ ناكەن كە لە سنوورەكەمان ماون و دەرفەتی گەڕانەوەیان نەبووە، یان خۆیان ئارەزووی گەڕانەوە ناكەن، بەڵكوو دەزگای خێرخوازی بارزانی بووەتە جێگرەوە بۆ بەهاناوەچوونی ئاوارەو لێقەوماوان، بەپێی ئەو ئیمكانیاتەی لەبەردەستیان بووە، هاوكار پێشكەش بە ئاوارەو كەسانی خاوەن پێداویستی دەكەن”.
عەباس ئەمیر، دەشڵێت: ” لەكاتێكدا ئێستا وەرزی زستان و سەرمایە دەبوایە حكوومەتی عێراق نەوت بەسەر ئاوارەكانی لە ئیدارەی سۆران دابەش بكات، بەڵام بەبیانووی ئەوەی گوایە ئەو ئاوارانە لە شارەكانی عێراق كۆبوونیان هەیەو لەوێ نەوتیان پێدەدرێت و بە گوشاری گەڕانەوەیان، هیچ هاوكارییەكیان پێشكەش ناكەن، ئەوەش زۆرجار نیگەرانی ئەو ئاوارانەی لێ دەكەوێتەوە.