مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، سەركۆنەی كۆمەڵكوژی چەند ڕۆژی ڕابردووی خەڵكی ڕۆژئاوای سووریا دەكات و داواش لە ئیدارەی ئەحمەد شەرع دەكات بە زووترین كات لێپرسینەوە لەو كەسانە بكات كە كۆمەڵكوژییان لە دژی پێكهاتەكان كردووە.
ماركۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە ڕاگەیاندراوێكدا ڕایدەگەیەنێت “ئەمریكا تیرۆریستە ئیسلامییە توندڕەوەكان، لەوانەش جیهادییە بیانییەكان سەركۆنە دەكات، كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا خەڵكیان لە ڕۆژئاوای سووریا كۆمەڵكوژ كردووە.”
دەشڵێت “ئەمریكا لەگەڵ كەمینە ئایینی و نەتەوەیییەكانی سووریا وەستاوەتەوە، لەوانەش پێكهاتەكانی مەسیحی، درووز، عەلەوی و كورد، و سەرەخۆشی لە قوربانییەكان و كەسوكارەكانیان دەكات.”
هاوكات ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاماری قوربانیانی كەناراوەكانی سووریا بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند “تەنیا لە ماوەی 72 كاتژمێردا، گرووپە چەكدارەكانی سەر بە دیمەشق نزیكەی 40 كۆمەڵكوژییان ئەنجام داوە و بەو هۆیەوە زیاتر لە هەزار هاووڵاتیی مەدەنی عەلەوی كوژراون.”































































