مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە سەر زاری ئەندامێكی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق بڵاوی كردەوە لەمڕۆوە عێراق غاز لە ئێران هاوردە ناكات و هیچ جێگرەوەیەكیش لەبەردەستدا نییە بۆ ئەوەی غازی لێ هاوردە بكرێت بۆ كارپێكردنی ئەو وێستگە كارەبایانەی كە بە غاز كار دەكەن .
سەعدوون لامی ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق دەشڵێت “ڕاگرتنی هاوردەكردنی غاز، كاریگەریی لەسەر كەمبوونەوەی كارەبای نیشتمانی دەبێت و هاوینێكی سەختمان لەبەردەمدایە، بەتایبەتی لە بەغدادی پایتەخت كاریگەریی زۆر دادەنێت.”
لامی ئاماژە بەوەش دەكات ئەگەر عێراق بیەوێت پشت بە غازی ناوخۆ ببەستێت، پێویستی بە دوو ساڵ دەبێت تا چارەسەری دەكات و ڕایدەگەیەنێت “عێراق ڕۆژانە 27 هەزار مێگاوات كارەبای نیشتمانی لە ڕێگەی غازەوە دابین دەكات و هەندێك جاریش دادەبەزێت بۆ 17 هەزار مێگاوات.”































































