زاری كرمانجی – سۆران :
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە ڕۆژی هەینی ٧ی ئازار بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی پێشوازی لە میوانداریكردنی لوتكەی ئەمریكا و ئۆكرانیا دەكات كە هەفتەی داهاتوو لە شاری جددە بەڕێوەدەچێت.
وەزارەتەكە بە جەختكردنەوە لەسەر هەوڵە بەردەوامەكانی سعودیە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەكی بەردەوام لە ئۆكرانیا، ئاماژەی بەوەدا ” وڵاتەكە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا میوانداری چەندین كۆبوونەوەی لەم بارەیەوە كردووە”.
ستیڤ ویتاكەر، نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕایگەیاند ” واشنتۆن لەگەڵ ئۆكرانیا دانوستان دەكات بۆ چوارچێوەیەك بۆ ڕێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ ڕووسیا، و پێدەچێت كۆبوونەوەكە لە ڕیاز یان جدە بەڕێوەبچێت”.
لە هەمان كاتدا ڤۆلۆدیمیر زێلنسكی ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو گەشتەكەی بۆ سعودیە و دیدارێكی لەگەڵ شازادەی جێنشینی ئەو وڵاتە ڕاگەیاند. ئاماژەی بەوەشكرد” تیمەكەی دوای ئەم كۆبوونەوەیە لە سعودیە دەمێننەوە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكی”.
دوای كۆبوونەوەیەكی ئاڵۆزی نێوان سەرۆكەكانی ئەمریكا و ئۆكرانیا لە كۆشكی سپی، هەردوو وڵات دانوستانیان لەسەر دابەشكردنی داهاتی كانزاكانی ئۆكرانیا دەستپێكردووە.
































































