مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، ئاماری شەڕ و ئاڵۆزییەكانی هێزەكانی ئەحمەد شەرع و پاشماوەی چەكدارەكانی ئەسەدی بڵاو كردەوە و ڕایدەگەیەنێت زیاتر لە 160 كەس كوژراون و بەشی زۆرییان خەڵكی مەدەنین كە لەلایەن چەكدارەكانی سوپای نیشتمانیی سووریاوە گوللەباران كراون.
لە ئامارەكەی ڕوانگەی سووری هاتووە “بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی 7ی ئازاری نێوان سوپای نیشتمانی سووریا و پاشماوەی چەكدارەكانی بەشار ئەسەد، زیاتر لە 160 كەس كوژراون و 68 % كوژراوەكانیش خەڵكی مەدەنین و لە لایەن سوپای نیشتمانی سووریاوە لە سەر شەقامەكان گوللە باران كراون،”
ڕوانگەی سووری دەشڵێت “شەڕ و ئاڵۆزییەكان چووەتە دۆخێكی مەترسیدار و كۆمەڵكوژی زۆر كراوە بە تایبەت لە گوند و ئاوایییەكانی سنووری پارێزگای لازقییە،”
ئەوەشی خستووەتە ڕوو كە لە گوندی قەرفیز 22 هاووڵاتیی، لە گوندی بەشیر 24 هاووڵاتیی مەدەنی لەلایەن هێزەكانی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ گوللەباران كراون، هەروەها لە گوندی موختاریە 38 هاووڵاتی مەدەنی و حەوتی هاووڵاتی دیكە لە ناوچەی حەفە گوللەباران كراون، لە لایەكی دیكەوە دوو گەنج لە ناوچەی یەحموور لە سنووری تەرتووس بە دەستی هێزەكانی وەزارەتی بەرگریی سووریا كوژراون. جگە لەوەش لە شاری بانیاس 60 كەسی دیكە لەلایەن چەكدارانی سوپای نیشتمانی و هێزەكانی ناوخۆی سووریا گوللەباران كراون، لە نێویاندا 10 ئافرەت و پێنج منداڵ هەن.
هاوكات لە دەشتاییەكانی حەما، شێخ شەعبان مەنسوور كەسایەتیی ناسراوی تایفەی عەلەوی و كوڕەكەی، لەلایەن سوپای نیشتمانییەوە گوللە باران كراون.
هەر بە پێی ئاماری ڕوانگەكە 34 ئەندامانی سوپای نیشتمانی و ئاسایشی گشتیی لە شەڕ و پێكدادانەكان و بۆسەی چەكداران كوژراون، لە بەرامبەریشدا 42 كەس لە گرووپە چەكدارەكان لە دەشتاییەكانی لازقیە و جەبلە كوژراون.

































































