زارى کرمانجى:
بۆ جاری دووەم لەم هەفتەیەدا، کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، لە بەغدا بەڕێوە دەچێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە دیلان بەرزان، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند “بڕیارە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 06-03-2025، بۆ جاری دووەم لەم هەفتەیەدا، کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لە بەغدا، لە نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم، بۆ تاوتوێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوت، بەڕێوە بچێت.”
بە گوێرەی هەمان سەرچاوەی کوردستان24 “ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانە و هەر سێ لایەنەکە خوازیارن ئەمڕۆ بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی تاوەکوو بە زووترین کات نەوتەکە هەناردە بکرێتەوە.”
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، ڕۆژی یەكشەممەی ڕابردوو، 02-03-2025، هەمان کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لە بەغدا بەڕێوە چوو و ئەنجامەکەی خرایە بەردەستی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممە، 04-03-2025ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ، بەڵام سەرۆک وەزیران هیچ بڕیارێکی لەبارەی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەرنەکرد.
بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە قۆناغی یەکەمدا، ڕۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت، بڕی 185 هەزار بەرمیلیان لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەی دەرەوە دەکرێت، 115 هەزار بەرمیلی دیکەش بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ بەکار دەهێنرێت.
لە ئاداری 2023وە، هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری دیکەی کەرکووک لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە وەستاوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لە بەرژەوەندیی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق.
بەپێی ئامارەکان، لەو ڕۆژەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە، تا ئێستە زیاتر لە 25 ملیار دۆلار زیانی دارایی بە گەنجینەی حکوومەتی عێراق گەیشتووە.
زیانە ملیار دۆلارییەکانی ڕاگرتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان وای کردووە دۆخێکی سەختی ئابووری دروستبێت. بەردەوامی ئەم دۆخە جگە لە زیانی زیاتر، هیچ سوود و قازانجێکی بۆ کەس نەبووە.































































