مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئاژانسی هەواڵی یۆنهاپی كۆریای باشوور ڕایگەیاند، فڕۆكەیەكی جەنگی لە میانی مەشقێكی سەربازیی لە شاری بوچۆن لە نزیك سنووری كۆریای باكوور، بە هەڵە ناوچەیەكی مەدەنی بۆردوومان دەكات و نزیكەی 15 كەس بریندار دەبن.
بە پێی هەواڵی ئاژانسەكە، ڕۆژی چوارشەممە 5ی ئاداری 2025، فڕۆكەیەكی شەڕكەری كۆریای باشوور لە جۆری KF-16 بە هەڵە هەشت بۆمبی جۆری MK-82 بەرداوەتە خوارەوە و كڵێسایەك و 6 خانووی ناوچەیەكی مەدەنی وێران كردووە و 15 هاووڵاتیی سڤیلی بریندار كردووە.
دوای ڕووداوەكە، ئەمڕۆ پێنجشەممە فەرماندەیی هێزی ئاسمانیی كۆریای باشوور، داوای لێبوردنی لە هاووڵاتییان كرد و هاوكات حكومەتی كۆریای باشوور لیژنەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە و قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان پێك هێناوە.
































































