مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕێكخراوی سی پی تی ئەمریكی لە ڕاگەیاندراوێكدا دەڵێ دوو ڕۆژە هیچ پێكدادانێك لەنێوان پەكەكە و سوپای توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان ڕووی نەداوە.
كامەران عوسمان، ئەندامی ڕێكخراوی (CPT)ی ئەمریكی ڕایگەیاند “ماوەی زیاتر لە 40 كاتژمێژە، دەنگی تەقە لە ناوچە سنوورەكانی هەرێم نەبیستراوە و سوپای توركیاش هیچ بۆردوومانێكی نەكردووە.”
بەپێی بەدواداچوونەكانی ڕێكخراوەكە، دواین بۆردوومانی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان 2ی ئادار بووە لە سنووری گوندی سگێرێ لە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆك.
27ی شوباتی 2025، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، داوای چەكدانانی لە پەكەكە كرد. دوو ڕۆژ دواتر و یەكی ئادار پەكەكە پابەندبوونی بە داوای ڕێبەرەكەیان ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەش كرد، تەنیا لە كاتی بەرگریدا وەڵام دەدەنەوە و هێزەكانیان هیچ چالاكییەك ناكەن.
لە دوای پەیامەكەی ڕێبەری پەكەكە و پابەندبوونی قەندیل بە داوای ڕێبەرەكەیان كە هیچ چالاكییەكی سەربازی ئەنجام نادەن جگە لە بەرگری كردن، توركیا هەشت جار توركیا سنوورەكانی هەرێمی كوردستانی بۆردوومان كرد، كە دووانیان لە سنووری پارێزگای هەولێر بوون و شەشەكەی دیكەش لە پارێزگای دهۆك، بەڵام ماوەی دوو ڕۆژ دەبێت هەر وەكوو ڕێكخراوی سی پی تی ئاماژەی بۆ كردووە توركیا بۆردوومانی نەكردووە .































































