مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزیری بەرگری توركیا ڕایدەگەیەنێت بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەریی هەموو ڕێكارێكی پێویست دەگرنە بەر و دەشڵێت “ڕێگە نادەین بەربەست بۆ پرۆسەی چارەسەریی دروستببێت.”
یەشار گولەر، وەزیری بەرگری توركیا لەبارەی بانگەوازەكەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەكەكەوە دەڵێت هیچ كات ڕێگە نادەن بەربەست لەبەردەم ئەو پرۆسەیەی دەستیپێكردوە، دروست ببێت و جەخت لەوەش دەكاتەوە كە ڕێگە بە تێكدان و درێژكردنەوەی پرۆسەكە نادەن و دەشڵێت “پێویستە ڕێبازێكی ژیرانە و عەقڵانی بۆ سەرخستنی پرۆسەكە بگیرێتە بەر.”
گولەر پرۆسەكە بە هەنگاوێكی مێژوویی و گرنگ ناو دەبات و دەڵێ “ئەگەر قۆناخەكە بگاتە ئەو ئاستەی ناكۆكییەكان چارەسەر بكرێت، ئەوا كۆتایی بەوانە دێت كە بە بیانووی جیاواز تیرۆریان لە بەرژەوەندی خۆیان بەكارهێناوە.”

































































