رێبوار حەمەلاو شوانی
دوای ئەوەی گەلەکۆمەکی و پیلانگێرییەکان لەماوەی چەند ساڵی رابردوو ، رۆژ بە رۆژ لە سەر خەڵکی کوردستان و قەوارەی هەرێمی کوردستان بە ڕێگەی پیلانگێری و سیناریۆی قڕێژ و قەیرانسازی و شانۆگەری دەرەکی و ناوخۆیی زیاتر دەبوو ، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئەزموونی مێژوویی و پشت بەستن بە خوا و جەماوەرە کوردپەوەر و نیشتیمانپەوەرەکەی ، توانی بە خۆڕاگری و لۆژیک و هێزی نەرم و ئیبنجا لە پرۆسەیەکی دیموکراسیی بێ وێنەدا لە سەر ئاستی عێراق و ناوچەکە بە باوەرێکی زۆر و ئیرادەیەکی بەهێز بەشداری لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە رۆژی 20ی ئۆکتۆبەری 2024 بەڕێوە چوو بکات کە لایەن کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و چاودێرانی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان بەڕێوە چوو ، لەوەش گرنگتر ئەو ڕێژە بەشداریکردنە بێ وێنەیە بوو کە دوژمنان و نەیارانی کوردستانی تووشی شۆککردەوە .
سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێژەیەکی بەرچاو و بەرزبوونەوەی ئاستی دەنگەکانی ، پەیامێکی گرنگ بوو ، لە هەمانکاتیشدا ئومێدێکی گەورەی بۆ خەڵکی کوردستان و هەموو نەتەوەی کورد دروستکرد ، چونکە مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان تاکە ئومێدی هەموو کوردێکی نیشتیمانپەوەر و دڵسۆزە ، لە هەمان کاتیشدا نیشانی دا کە چەندە خەڵکی کوردستان متمانەیان بە پارتی و حکوومەتی کوردستان هەیە و هەنگاوەکانی حکوومەتی کوردستان و کابینەی نۆیەم چەندە خزمەتی بەرچاوی خەڵکی کوردستانی کردووە ، لە هەمانکاتیشدا کابینەی دەیەمیش زیاتر و بەتوانانتر لە کابینەی پێشووتر ئەرک و بەرپرسیاریەتیی بۆ خزمەتکردنی هەموو خەڵکی کوردستان هەڵدەگرێت لەهەمان کاتیشدا سازش لە سەر بچووکترین مافەکانی گەلی کورد ناکات ، ئامانج و ستراتیژییەتی ئەوەیە کە بە سەقامگیری و و یەکدەنگی و یەک تیمی خزمەتی جەماوەری کوردستان بکرێت ، ئەوەش ئیرادەی و ڕژدبوونی مەسروور بارزانی و سەرۆکوەزیرانی کوردستان ، کە وە ستراتیژێک بۆ کابینەی دەیەم بە کۆمەڵێک پرۆژە و بەرنامە و پلان ئەرک و بەرپرسیاریەتییە مێژووییەکەی کە خۆشگوزەرانی و بەردەوامی شۆڕشی ئاوەدانی و گەشەپێکردنی نیشتیمانە لە هەموو بستێکی خاکی کوردستان بە سەرکەوتوویی بەڕێوە ببات .
پارتی بەم هەڵبژاردنە بۆ هەموو دونیایی سەلماند کە ، چەند لە خەم و پرۆشی دیموکراسی و دۆزی رەوای گەلەکەیەتی ، هەروەها بەکردەوە و دروشمەکانی و پشوودرێژی و سیمای جوانی پێکەوەژیان و حکومرانی و ئاشتی کورد و هەرێمی کوردستانی بەهەموو جیهان نیشان دا ، لە هەمانکاتیشدا ، هۆکاری سەرەکیی بەشداریکردن خەڵکی کوردستان بە لێشاو درککردن بوو بەو هەرەشە و مەترسیانەی کە نەیارانی کورد چ لە سەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی خەونیان بە لاوازکردنی سەنگ و پێگەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان دەبینی .
بۆ قۆناغی ئێستەی هەرێمی کوردستان و لە سەروبەندی پێکهێنانی کابینەی دەیەم ، ئینجا گۆرانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە ، ئەوەی گرنگە هەر حزب ولایەنێک چ ئەوانەی کە بەشدارن لە پێکهێنانی کابینەی دەیەم و چ دەیانهەوێت وەک ئۆپۆزسیۆن بمێنەوە ، گرنگە و دەبێ هەمووان لە ئاست بەرپرسیارەتی مێژووییدا بن ، پارێزگاری لە هەموو دەستکەوتەکان بکەن و تەنها بیر لە بەرژوەندییە باڵاکانی گەل و نیشتیمانەکەیان بکەن و حکوومەت و دەستکەوتەکانی و قەوارەکەی بەدڵ و گیان بپارێزێن و بەرگری لێ بکەن لە پێناو ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بە بەهێز وتواناوە خزمەتی هەموو خەڵکی کوردستان بکات بە بێ جیاوازی و لە هەمانکاتیشدا ئەو ئارامی و سەقامگیرییانە دەبنە هۆی زیاتر بوژانەوە و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان .