مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
رۆژنامەی (ئەسكەناس) ی فارسی لە راپۆرتێكدا تۆمەتەكانی توركیا سەبارەت بە پاڵشتی كردنی گرووپە تیرۆریستیەكان لە لایەن ئێرانەوە بە بێ بەها ناو دەبات و ڕایدەگەیەنێت “هەر توركیا بوو كە پشتیوانی لە گرووپەكانی وەك جەبهەت نوسرە و ئەحرار شام و فەیلەق شامی كردووە كە هەندێكیان نزیك بوون لە قاعیدە و داعش.”
رۆژنامەكە ئاشكراشی دەكات كە “توركیا بە گواستنەوەی چەكدارانی توندڕەوی ئیسلامی و بەهێزكردنی تۆڕەكانی تیرۆریستی لە باكووری ئەفریقا، قەیرانی لیبیای ئاڵۆزتر كردووە.”
ئەسكەناس باسی لەوەشكردووە كە توركیا لە عێراقیش لەژێر پەردەی بەرەنگاربوونەوەی پەكەكەدا، پشتیوانی لە گروپە چەكدارەكانی توركمان و سوننە كردووە .
رۆژنامە فارسییەكە جەخت لەوە دەكاتەوە كە كردەوەكانی توركیا ناوچەكەی ناسەقامگیر كردووە و گروپە تیرۆریستییەكانی زیندوو كردووەتەوە، بۆیە دەڵێ “توركیا هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەكە دەكات و پێویستی بە چاودێری و فشاری نێودەوڵەتی هەیە.”































































