زاری كرمانجی – سۆران :
عەبدولمەلیك بەدرولدین ئەلحوسی، سەرۆكی ئەنساروڵڵای یەمەن، بانگەشەی ئەوەی كرد كە ئەگەر شەڕ لە غەززە دەستپێبكاتەوە، ئیسرائیل و بە تایبەتی یافا دەكرێتە ئامانج و ئەنساروڵڵا لە ئاستە سەربازییە جیاوازەكاندا هەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی “پشتیوانی لە گەلی فەلەستین” بكات.
عەبدولمەلیك ئەلحوسی لە دیدارێكدا لەگەڵ زانایان و كاربەدەستانی یەمەن ڕایگەیاند كە یەمەنییەكان بەردەوام چاودێری پێشهاتەكانی غەززە دەكەن بۆ هەڵسەنگاندنی پابەندبوونی ئیسرائیل بە ڕێككەوتنی ئاگربەست.
ناوبراو شكستی ئیسرائیل لە كشانەوە لە میحوەری ڕەفەح بە “پێشێلكارییەكی مەترسیدار”ی ڕێككەوتنی ئاگربەست و هەڕەشەیەك بۆ سەر گەلی فەلەستین و حكومەت و سوپای میسری زانی و بانگەشەی ئەوەی كرد كە “ئەم كارە بە هاندانی ئەمریكا ئەنجامدراوە”.
سەرۆكی ئەنساروڵڵا هەروەها ئاماژەی بە لێدوانەكانی ئەم دوایەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا دژی حەماس كرد و وتی: كاتێك ترەمپ هەڕەشەی دەستپێكردنەوەی شەڕی غەززەی كرد ئەگەر دیلەكانی ئیسرائیل ئازاد نەكرێن، ئێمەش ئامادەبووین هێرشە سەربازییەكانمان دەست پێ بكەینەوە ئەگەر ئەم هەڕەشەیە ئەنجام بدرێت.































































