زاری كرمانجی – سۆران :
ئیسماعیل بەقایی، گووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامی ئاكان فیدان، كە هۆشداری دابووە ئەو وڵاتە مادام ماڵت لە شووشەیە نابی بەرد لە ماڵی دیكە بگرێت گووتی “ئێمە لەسەر هەڵوێست و پرەنسیپییەكانمان چەسپاوین و هەموو ڕۆژێك هەڵوێستمان لە سیاسەتێكەوە بۆ سیاسەتێكی دیكە ناگۆڕین”.
بەقایی لە گووتەكانی پێشوازیی ئێرانی لە چەكداماڵینی پەكەكە و پشتیوانی ئێران لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە كودەتا شكستخواردووەكەی ساڵی ٢٠١٦ لە توركیا وەبیر هێنایەوە.
گووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەم گووتارەدا بۆ وەزیری دەرەوەی توركیا گووتی” ئاكان فیدان دەڵێت : ناوچەكە دەبێت لە كلتوری خۆسەپێنی وڵاتێك رزگاری بێت نە عەرەب، نە تورك، نە كورد، نە ئێرانی، نابێت هیچیان هەوڵی زاڵبوون و تێكدان و هەڕەشەكردن لە بەرامبەریان بدەن، ئیمەش هاوراین بەڵام ئەی ئیسرائیل؟”
بەقایی ئاماژەی بەوەشكرد ” دوابەدوای كەوتنی دیمەشق لەلایەن هێزەكانی سەر بە توركیا، ئیسرائیل بەشێكی زۆری ژێرخانی سوریای لەناوبرد و بەشێكی زیاتری داگیركرد”.































































