مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بە پێی هەواڵێكی ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا (سانا) لە گەڕەكی جارامان لە نزیك دیمەشق لە ئەنجامی تێكهەڵچوونی نێوان كارمەندانی ئاسایشی سەر بە حكومەتی نوێی سوریا و چەكدارە ناوخۆییەكان، ئەفسەرێك كوژراو نۆ سەربازیش برینداربوون .
حوسام تەحان بەڕێوەبەری ئاسایش لە دیمەشق ڕایگەیاند “لە بازگەیەكی گەڕەكەكە ئەندامانی وەزارەتی بەرگری ڕاگیراون لەكاتی چوونە ناو ناوچەكە بۆ سەردانی كەسوكاریان، دوای ئەوەی چەكەكانیان ڕادەست كرد، تەقەیان لێكراوە ئەفسەرێك كوژرا و نۆ سەربازیش برینداربوونە.”
هاوكات ڕاپۆرتی ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ لەسەر ئەم ڕووداوە ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێ “دوێنێ شەممە 2ی 3ی 2025، لە نێوان كارمەندانی ئەمنی سەر بە دەسەڵاتی نوێ و چەكدارە ناوخۆییەكان كە ئەركی پاراستنی ناوچەكەیان پێ سپێردراوە پێكدادان دروست بووە و بەو هۆیەشەوە كەسێك لە دانیشتووانی ناوچەی جارامان كوژراوە و نۆ كەسی دیكەش برینداربوون.

































































