مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند لەسەر پێشنیاری ئەمەریكا، ئاگربەستی بۆ مانگی ڕەمەزان ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ یەكشەممە 2ی 3ی 2025، نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە ڕاگەیاندراوێگدا ئاگربەستی لە مانگی ڕەمەزاندا ڕاگەیاند و دەشڵێت “ئاگربەستەكە لە سەر پێشنیاری ستیڤ ویتكۆڤ، نێردەی تایبەتیی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە داوای ڕاگرتنی شەڕی لە ئیسرائیل كردبوو بە تایبەت لە مانگی ڕەمەزان و جەژندا و ئیسرائیلیش بە داواكارییەكە ڕازی بووە.”
بەڵام بزووتنەوەی حەماس ئەم پێشنیاری ئیسرائیلی ڕەتكردەوە و داوا دەكات قۆناغی دووەمی ڕێككەوتنی ئاگربەست جێبەجێ بكرێت و بەیەكجاری كۆتایی بە شەڕ لە كەرتی غەززە بێت .
مەحموود مەرداوی، یەكێك لە سەركردەكانی حەماس ڕایدەگەیەنێت “تاكە ڕێگە بۆ گەیشتن بە سەقامگیری ناوچەكە و گەڕانەوەی زیندانیان، تەواوكردنی ڕێككەوتنەكەیە، كە لە جێبەجێكردنی قۆناغی دووەمەوە دەستپێدەكات، كە دانوستان لەسەر ئاگربەستی هەمیشەیی و كشانەوەی هەمەلایەنە و ئاوەدانكردنەوەی كەرتی غەززە لە خۆ دەگرێت، ئێمەش لەوە پاشەكشە ناكەین.”

































































