زاری كرمانجی – سۆران :
دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا لە كۆشكی سپی كە تیایدا تووشی دەمەقاڵێی توند بوو ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی بەشداریی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی فۆكس نیوز كردووە.
برێت بایر، پێشكەشكاری بەرنامەی فۆكس، پرسیاری لێكرد كە ئایا ئۆكرانیا دەتوانێت پاڵ بە ڕووسیادا بنێتەوە بۆ دواوە بەبێ ئەوەی بەردەوام بێت لە پاڵپشتی ئەمریكا.
زێلێنسكی لە وەڵامدا وتی: بۆ ئێمە قورس دەبێت، هەر بۆیە لێرەم، بەڵام ئاماژەی بەوەشكرد، ئۆكرانیا ناتوانێت ئازادی خۆی لەدەست بدات.
وتی: ڕووسەكان چوونە ناو خاكی ئێمە و ماڵەكانمانەوە… ژمارەیەكی زۆر لە گەلەكەمانیان كوشت. “ئاسان نییە لەبیرت بچێت و بڵێیت پوتین پیاوێكی گەورەیە”.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئامادەیە بۆ دیپلۆماسی لەگەڵ ڕوسیا، بەڵام تەنها كاتێك ئەمریكا گەرەنتی ئەمنی پێویستی بە ئۆكرانیا داوە بۆ داهاتوو.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا پێویستە داوای لێبوردن لە ترەمپ بكات، زێلێنسكی وتی دڵنیا نییە كە ئایا “هەڵەیەكی كردووە” كە داوای لێبوردن دەكات.
بەڵام ئەو دەرفەتەی قۆستەوە و سوپاسی گەلی ئەمریكا و دۆناڵد ترەمپی كرد: “من ڕێز لە سەرۆك و ڕێز لە گەلی ئەمریكا دەگرم”.
سەرۆكی ئۆكرانیا ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو ململانێیەی نێوان خۆی و بەرپرسانی ئەمریكی لە كۆشكی سپی “شتێكی باش نییە” بەڵام دڵنیایە لەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ترەمپ چاكبكرێنەوە.
وتی: چونكە ئەم پەیوەندییە تەنها لە نێوان دوو سەرۆكدا نییە. ئەمەش پەیوەندییەكی مێژوویی و بەهێزی نێوان خەڵكی ئەو دوو وڵاتەیە.
هەروەها پرسیاری ئەوەی لێكرا كە ئایا دەست لەكار دەكێشێتەوە، لە وەڵامدا وتی كە بیرۆكەیەكی باش نییە: “ئەمە بڕیارێكە تەنها گەلی ئۆكرانیا دەتوانێت بیدات”.
پێشتر سیناتۆر لیندسی گراهام كە نزیكە لە ترەمپ داوای دەستلەكاركێشانەوەی زێلنسكی كردبوو.
لەكۆتایی چاوپێكەوتنەكەدا وتی، “سوپاس و بەداخەوەین بۆ ئەم (ڕووداو)”، ئاماژەی بەوەشكرد، ئۆكرانیا دەیەوێت پەیوەندییەكی پتەو لەگەڵ ئەمریكا هەبێت.

































































