” ترەمپ بۆچی رێككەوتنی لەگەڵ زلێنسكی بە دەرفەتێكی تریلیۆن دۆلاری ناو برد”
زاری كرمانجی :
بڕیار بوو ڕۆژی هەینی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی، سەرۆكی ئۆكرانیا لە كۆشكی سپی كۆببنەوە و ڕێككەوتنێكی گەورە بە فەرمی بناسێنن كە ڕێگە بە ئەمریكا دەدات بۆ دەستڕاگەیشتن بە سامانە كانزاییەكانی ئۆكرانیا؛ ڕێككەوتنێك كە ترەمپ بە “زۆر گەورە” و “دەرفەتێكی تریلیۆن دۆلاری” ناوی بردووە.
بەڵام ئەم كانزایانە چ بەها و بەكارهێنانێكیان هەیە كە بوونەتە جێی سەرنجی دانوستانەكانی كیێڤ و واشنتۆن و ئۆكرانیا چ كانزایەكی هەیە؟
خەمڵاندنەكانی كیێڤ دەریدەخەن ” نزیكەی لەسەدا ٥ی “كەرەستە خاوەكانی ژیانی” جیهان لە ئۆكرانیا جێگیرن”.
هەر بە پێی زانیارییە بلاو كراوەكان ” ئەم سەرچاوە كانزاییانە نزیكەی ١٩ ملیۆن تۆن یەدەگی سەلمێنراوی گرافیت لەخۆدەگرن”، كە بەپێی لێكۆڵینەوەی جیۆلۆجی ئۆكرانیا، وڵاتەكە دەخاتە ڕیزی پێنج باشترین دابینكەری جیهانی ئەم مادەیە، گرافیت بۆ بەرهەمهێنانی پاتری ئۆتۆمبێلی كارەبایی بەكاردێت.
ئۆكرانیا لە سەدا ٧ی یەدەگی تیتانیۆمی ئەوروپا لە دەستدایە. ئەم كانزایە سووكە لە دروستكردنی فڕۆكە و وێستگەی كارەبا و چەندین پیشەسازی دیكەدا بەكاردەهێنرێت.
هەروەها ئەم وڵاتە یەك لەسەر سێی كۆی یەدەگی لیتیۆمی ئەوروپای لە دەستدایە؛ لیتیۆم یەكێكە لە پێكهاتە سەرەكییەكانی پاترییەكانی ئەمڕۆ. كانزاكانی تر كە لە ئۆكرانیا دەدۆزرێتەوە بریتین لە بێریلیۆم و یۆرانیۆم كە هەردووكیان بۆ چەكی ئەتۆمی و ڕیاكتۆرە ئەتۆمییەكان زۆر گرنگن.
هەروەها ئۆكرانیا یەدەگی بەرچاوی مس، سۆرب، زینك، زیو، نیكل، كۆبالت و مەنگەنیزی هەیە.
جگە لەوەش ئۆكرانیا یەدەگی بەرچاوی كانزا دەگمەنەكانی هەیە. ئەم گروپە ١٧ توخمە زەوییە دەگمەنەكان لەخۆدەگرێت كە پێویستن بۆ بەرهەمهێنانی چەك و تۆرباینەكانی با و ئامێری ئەلیكترۆنی و بەرهەمە مۆدێرنەكانی تر.
بەڵام بەشێك لە كانەكانی ئەم یەدەگانە لەلایەن ڕووسیا دەستی بەسەردا گیراوە. بە گوتەی یولیا سڤیریدنكۆ، وەزیری ئابووری ئۆكرانیا، لە ئێستادا سەرچاوەكان بە بەهای 350 ملیار دۆلار لە ناوچە داگیركراوەكان هەڵكەوتوون .































































