زاری كرمانجی :
وەزیری دەرەوەی توركیا، وێڕای ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەكانی دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران، گوتی: درێژەی ئەو سیاسەتانە دەبێتە هۆی ئەوەی وڵاتانی دیكەی ناوچەكە دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی ئێران بكەن.
هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی جەزیرە كە بەشێكی لە میدیاكانی دەوڵەتی ئێرانیش دەنگی دایەوە، جەختی لەوە كردەوە: “كاتێك ئاشتی و سەقامگیری بەرقەرار بێت، گەشەسەندنی ئابووری و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بۆ خەڵك ئاسانتر دەبێت”. ئێمە سیاسەتێكی دەرەكی بنیاتنەر پەیڕەو دەكەین كە هەڕەشە لە ئاسایشی ئەوانی دیكە ناكات و ڕێز لە یەكپارچەیی خاكی وڵاتان بگرێت، بەڵام بۆ نموونە كۆماری ئیسلامی لە مێژە پشتیوانی لە گرووپە میلیشیاكانی دژە حكومەت لە وڵاتانی دیكە دەكات. ئەم سیاسەتە مەترسیدارە تێچووی گەورەی بۆ ئێران لە سوریا و عێراقدا هەبووە.
ناوبراو لە درێژەی ئەو وتووێژەدا كە پێدەچێت ڕاشكاوترین هۆشداری تا ئێستا لە لایەن بەرپرسێكی حكوومەتی ئەردۆغانەوە بێت سەبارەت بە سیاسەتە ناوچەییەكانی كۆماری ئیسلامی، زیاتر گووتی : بەرپرسانی ئێران دەبێ سیاسەتەكانیان بگۆڕن، چونكە ئەم جۆرە سیاسەتانە لە ڕووی پێكهاتەوە كاریگەرییان لەسەر سیستەمی ئێران دەبێت لە درێژخایەندا. سەردەمی نوێی گۆڕانكارییەكان و ڕووخانی بەشار ئەسەدیش وانەیەكی گەورەی فێری ئێران كردووە. ئەگەر تۆ هەوڵبدەیت ناڕەزایی لە وڵاتێكی تردا دروست بكەیت بە پشتگیریكردنی گروپێك لەو وڵاتە، وڵاتێكی تریش بە پشتیوانیكردنی گروپەكانی ناو وڵاتەكەت ناڕەزایت دەكات. واتە ئیتر هیچ شتێك لە جیهاندا شاراوە نییە و ئەوانی دیكەش ئەو توانایانەیان هەیە كە تۆ هەتە. “بۆیە ئەگەر ناتەوێت خەڵك بەرد لە پەنجەرەكەتدا فڕێبدەن، ئەوا بەرد بە پەنجەرەی كەسانی دیكە مەكە”.

































































