زارى کرمانجى-سۆران:
لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی لێكتێگەیشتنامەی هاوكاری و كاری پێكەوەیی نێوان ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زانكۆی سۆران، لە دیوانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كۆبوونەوەیەك بۆ تاوتوێكردن و خستنەڕووی سێ توێژینەوەی زانستی قوتابییانی ماستەر سەبارەت بە چارەسەركردنی چەند گرفتێك لە سؤران، بەڕێوەچوو.
راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بڵاویکردووەتەوە، توێژینەوەکان، لەلایەن فاكەڵتی ئەندازیاری ئامادەكرابوون، كە پێكهاتبوون لە دانانی پلانێكی درێژخایەن و بەپەلە بۆ چارەسەركردنی گرفتی هاتووچۆی گشتی(Transportation)، بە پشەبەستن بە سیستماتیكردنی ئەم پڕۆژەیە بە شێوەیەكی سەرەتایی، هەروەها چۆنیەتی بەكارهێنانی سیستمێكی ئەندازیاری بۆ رێگریكردن لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە شەقامەكان لە كاتی بارانبارین و توێژینەوەی سێیەمیش، پەیوەست بوو بە چۆنیەتی كۆنتڕۆڵكردنی كەشووهەوای ناو ماڵ و باڵاخانەكان، بە بەكارهێنانی چەند رێگەیەکی تایبەت.
ئاماژەى بەوەشکردووە، لە بەرامبەردا، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، وێڕای سوپاس و دەستخۆشی لە تیمی ئەندازیاری زانكۆیەكە، ئامادەیی هەموو جۆرە هاوكاری و پاڵپشتییەكی ماددی و مەعنەوی بۆ جێبەجێكردنی ئەنجامی توێژینەوەکان وەك قۆناغی دەستپێك نیشاندا.
لە رێكەوتی 30ی11ی 2023 لێكتێگەیشتنامەی نێوان ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زانكۆی سۆران بە ئامانجی هاوكاری و كاری پێكەوەیی واژوو كراوە.

































































