محەممەد مەحموود- رواندز:
لە ئێستادا مووچەی بەشی زۆری فەرمانبەران بە سیستەمی دیجیتاڵی دابەشدەکرێت، بۆ ئەمەش مووچەخۆران داوای زیاد کردنی ئامێرەکانی راکێشانی پارەیان دەکرد، بە تایبەتی بۆ سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە رواندزیش یەک ئامێری ATM هەبوو، ئێستاش ئامێری زیاتر لەو شارە داندراون.
چیایی محەممەد، سەرۆکی شارەوانی رواندز بە زاری کرمانجی راگەیاند” دوای داواکاری هاووڵاتییان بۆ دانانی ئامێری زیاتری ATM بۆ راکێشانی پارە، لە سەر رێگای بێخاڵ، نزیک مزگەوتی حاجی عەبدوڵڵا شوێنمان دابین کرد بۆ دانانی ئامێرێکی تری ATM بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لە کاتی وەرگرتنی مووچەکانیان رێگای دوور نەبڕن و لە نریکترین شوێن مووچە وەربگرن.
پێشتر لە رواندز یەک ئامێری راکێشانی پارە هەبوو لە نزیک قایمقامیەت بەمەش لە کاتی دابەشکردنی مووچە قەرەباڵغی دروست دەبوو، بۆیە ئامێرێکی تری ATM بۆ رواندز زیادکرا.































































