مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بە پێی پێشبینی پسپۆڕانی كەشوهەوا، بەشێك لە بەندەرەكانی ئەمریكا و سعوودیە و هەندێك وڵاتی دیكە بەهۆی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا ژێر ئاو دەكەون .
ڕۆژنامەی (سەباح) بە پشتبەستن بە پێشبینی پسپۆڕانی كەشوهەوا، ڕاپۆرتێكی بڵاوكردەوە و ڕایدەگەیەنێت 13 بەندەری گەورەی بواری نەوت مەترسیی ژێر ئاو كەوتنیان لەسەرە، لە ڕاپۆرتەكە هاتووە “بەهۆی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەواوە، یەك مەتر ئاو بەرزبووەتەوە و بەشێك لە بەندەرەكانی ئەمریكا و سعوودیە و هەندێك وڵاتی دیكە مەترسی ژێر ئاو كەوتنیان هەیە،”
پسپۆڕانی كەشوهەوا دەڵێن “گۆڕانكارییەكە بەهۆی قەتیسبوونی گەرماوەیە لە بەرگە هەوادا، كە 13 بەندەری گەورەی بواری نەوت دەخاتە مەترسییەوە و چیتر كەشتییەكانی تایبەت بە نەوت ناتوانن لەو بەندەرانەدا لەنگەر بگرن،”
بەندەرەكانی (ڕەئس تەتورە و یەنبەع) دوو لەو بەندەرە سعوودییانەن كە مەترسیی ژێر ئاو كەوتنیان هەیە و هەروەها هیوستن، گاڵفستۆنی ئەمریكی و چەند بەندەرێكی دیكەی ئیمارات و چین و سەنگافورە و هۆڵەنداش لە مەترسیی ژێر ئاو كەوتن بە دوور نین.

































































