زاری كرمانجی:
وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی كرد لە نوێنەرانی بەشێك لە فەرمانبەرانی گرێبەست و پێی راگەیاندوون كە لەگەڵ عێراق لە گفتوگۆدان تا بگەنە چارەسەرێكی گونجاو. ئێوارەی رۆژی یەكشەممە 23ی شوباتی 2025، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووریدا هاتووە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، پێشوازی كرد لە نوێنەرانی بەشێك لە فەرمانبەرانی گرێبەستی دامەزراوی پەرەپێدان كە لە وەزارەتی تەندروستی دەوام دەكەن و مووچەیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە. بەپێی راگەیەنراوەكە، لە دیدارێكدا وەزیری دارایی گوێبیستی داواكاریەكانیان بوو، وەك هەمیشە پشتیوانی خۆی بۆ دەستەبەركردنی مافەكانیان دووپات كردەوە و ڕای گەیاند لەگفتوگۆكانیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق داوای زیادكردنی میلاك و تەرخانی داراییان بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست كردووە و چاوەڕوانن لەداهاتوویەكی نزیكدا لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ لەسەر ئەو بابەتانە بگەن بە چارەسەرێكی گونجاو. هەروەك لە راگەیەنراوەكەدا روونكراوەتەوە، سەبارەت بە گۆڕینی ناونیشانی ئەو فەرمانبەرانە لە گرێبەستی پەرەپێدانەوە بۆ گرێبەستی ئاسایی لەسەر وەزارەتی دارایی، ئاوات شێخ جەناب ڕای گەیاند وەك وەزارەتی دارایی ڕەزامەندین لەسەر گۆڕینی ناونیشانەكانیان لە گرێبەستی پەرەپێدانەوە بۆ گرێبەستی ئاسایی لەسەر وەزارەتی دارایی.































































