د. جەعفەر عومەر، پزیشكی پسپۆڕی دەروونی زۆربەی جار خەڵك لە ترسی ئەوەی كە دەرمانی نەخۆشییە دەروونییەكان گرانە، ناتونن راوێژی پزیشكی دەروونی بكەن بۆ ئەوەی چارەسەری پێویست وەرگرن، بە گشتی ئەوە باوەڕی زۆرێك لە هاووڵاتییانە و دەرئەنجانەكەشی بە خراپ كەوتۆتەوە لەسەر كۆی گشتی كۆمەڵگە، بەڵام لە راستیدا زۆربەی دەرمانە دەروونییەكان گران نین و لە زۆرباردا وەكو دەرمانەكانی ترن كە بۆ نەخۆشییە جەستەییەكان بەكاردەهێندرێن.
چەند هۆكارێك وا دەكات كە دەرمانی نەخۆشییە دەروونییەكان گران دەربكەوێت لەوانەش:
- هەندێك نەخۆشی توندی دەروونی هەیە، زیاتر لە یەك جۆر دەرمانی پێویستە، هەتا كەسەكە باری دەروونی جێگیر بێت، بۆ نمونە شیزۆفرینیا هەندێك كات پێوستی بە چەند جۆرێك دەرمان هەیە تا كۆنترۆڵبكرێت.
- لەگەڵ دەرمانە دەروونییەكە هەندێك ماددەی تر وەكو ڤیتامینات و بەهێزكەر بۆ نەخۆشەكە دەنوسرێت، كە لە زۆربەی كاتەكاندا ئەگەر نەخۆش خۆراكی باش و تەندروست بخوات ئەوا پێویستی بەو ماددانە نییە و دەتوانێت نەیانخوات.
-بە هۆكاری جیاواز هەندێك دەرمانخانە نرخی زیاتر لەوەی كە دانراوە دەخەنە سەر دەرمانەكان.
-هەندێك كۆمپانیای دیاریكراو دەرمانەكانیان گرانترە لەوانی تر.
-هەندێك دەرمان هەن كە لە خودی خۆیاندا گرانن، ئەوانەش زۆر كەمن، لەم حاڵەتانەدا دەرمانی جێگرەوە هەیە كە بنوسرێت بۆ كەسەكە.
چەند رێنماییەكی گرنگ كە سوودمەندن بۆ ئەو كەسانەی دەرمانەكانیان زۆر گران دەكڕن:
-لەكاتی نوسینی دەرماندا ئەگەر دەرمانەكان زۆربوون، داوا لە پزیشكەكەت بكە هەر دەرمانێك ڤیتامیناتە بۆت نەنوسێت بۆ ئەوەی بتوانی بە نرخێكی كەمتر دەرمانەكانت بكڕی.
-ئەگەر زیاد لە دەرمانێك نووسرا بپرسە بۆچی دەرمانی زۆرت بۆ نووسراوە، داوا بكە تا كەمترین دەرمان بەكاربهێنیت و زۆربەی نەخۆشییە دەروونییەكان بە دەرمانێك یان دوو چاكدەبن.
.-هەر كاتێك لە دەرمانخانەیەك دەرمانەكان گرانبوون، هەوڵبدە لە دەرمانخانەی تریش پرسیار بكەیت شونكە لەوانەیە نرخەكانیان جیاواز بن.
-بەشێك لە دەرمانەكان لە نەخۆشخانە حكومییەكان دەستدەكەون دەتوانن داوا لە پزیشكەكەتان بكەن كە چۆن سوودمەندبن لەو خزمەتگوزارییە.
-هەموو نەخۆشێكی دەروونی پێویستی بە چارەسەرییەكانی دەرمان نییە، ئەم رێنماییانە بۆ ئەو نەخۆشی و چارەخوازانەیە كە پێویستیان بە چارەسەر بە دەرمان هەیە.