زاری كرمانجی – سۆران :
دەزگای ئاسایشی هەرێم بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە راگەیەندراوێكی لەبارەی هێرشەكەی شەوی ڕابردووی سەر مامۆستایانی مانگرتوو بڵاوكردەوە و دەڵێت” رێكاری یاساییمان گرتوەتەبەر”.
بەیانی ئەمڕۆ دەزگای ئاسایشی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە” دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە نزیك شارۆچكەی عەربەت، بە هۆكاری ڕێگریكردن لە تێپەڕبوونی ژمارەیەك بارهەڵگر لەلایەن مامۆستایان و هاوڵاتییان، سەرئەنجام بووە هۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوانیاندا و چەند شۆفێرێك و هاوڵاتییەك برینداربوون”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، دەزگای ئاسایشی هەرێم وەك لایەنی جێبەجێكاری یاسا دەستبەجێ بەمەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی ئەو بارودۆخە نەخوازراوە و ڕێگریكردن لە تەشەنەكردنی ئاڵۆزییەكان و سەلامەتی گیانی هەموولایەك گەیشتنە شوێنی ڕوداوەكە و ڕێكاری یاسایی گرتەبەر بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكە.
باسی لەوەشكردووە، لە ئێستادا هیچ كەس دەستگیرنەكراوە و هاوڵاتییە بریندارەكان لە نەخوشخانە نەماون.
ئەمەش لە كاتێكدایە، لە ڕاگەیەندراوەكەی دەزگای ئاسایشی هەرێم هیچ ئاماژەیەكی بەو ڕۆژنامەنوسانە نەكردووە كە ڕووبەڕوی لێدان و پەلاماردان و دەستگیركردن و لێسەندنی كەلوپەلەكانیان بوونەتەوە.

































































