وەزیری شوێنەوارناسی میسر؛ دۆزینەوەکەى لە مێژووی مرۆڤایەتی بە “ساتێکی مێژوویی” ناوبرد
زارى کرمانجى:
گۆڕی فیرعەونێکی میسری کۆن کە نزیکەی سێ هەزار و 500 ساڵ لەمەوبەر فەرمانڕەوایی ئەو وڵاتەی کردووە، دۆزرایەوە. ئەمە یەکەمجارە لە ماوەی 103 ساڵی ڕابردوودا، گۆڕی فیرعەونێک لەم وڵاتە دێرین و مێژووییەدا بدۆزرێتەوە.
وەزیری شوێنەوارناسی میسر، دۆزینەوەکەی بۆ لێکۆڵینەوە لە سەر میسر و مێژووە کۆنەکەی و هەروەها بۆ تێگەیشتنێکی فراوانتر لە مێژووی مرۆڤایەتی بە “ساتێکی مێژوویی” ناوبرد.
پیێرس ڵیترڵەند، سەرۆکی تیمی مەیدانی بۆ هەڵکۆڵینەکان ڕایگەیاند تیمەکەی بەو دۆزینەوەیە سەرسام بوون و خۆی فرمێسکی خۆشی ڕشتووە.
وەزارەتی گەشتوگوزار و شوێنەوارەکانی میسر رۆژی سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند گۆڕی توتمۆسی دووەم، فیرعەونی کۆنی میسری لە لێکۆڵینەوە و هەڵکۆڵینە هاوبەشەکانی نێوان میسر و بەریتانیادا دۆزراوەتەوە.
توتمۆسی دووەم یان تحوتمۆسی دووەم چوارەمین فیرعەونی شانشینی 18ی میسر بووە کە بۆ ماوەی 13 ساڵ لە نێوان ساڵانی 1492 بۆ 1479 پێش زایین حوکمڕانی کردووە.
گۆڕی توتمۆسی دووەم دوای 12 ساڵ لە هەڵکۆڵین لە ناوچەی چیای تایبا لە ڕۆژئاوای شاری لوکسۆر کە پێشتر بە دۆڵی گۆڕی پاشاکان ناسرابوو، دۆزراوەتەوە.
تا ئێستا وا بیر دەکرایەوە کە تەنیا گۆڕی ژنەکانی فیرعەونەکان لە ڕۆژئاوای شاری لوکسۆر دابنرێت، بە تایبەت کە گۆڕی شاژنە هاتشێپسوت و گۆڕی ژنەکانی فیرعەون توتمۆسی سێیەم لەم ناوچەیەدا بووە.
تیمی لێکۆڵینەوەکە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2022 دەروازەی سەرەکی گۆڕەکە و ڕێڕەوی گۆڕەکەیان دۆزیوەتەوە و شوێنەوارناسەکان پێیانوابوو ڕەنگە گۆڕەکە هی یەکێک لە ژنەکانی فیرعەون بێت. لەو کاتەوە هەڵکۆڵینەکان لەناو ئەم ناوچەیەدا بە وریاییەوە بەردەوام بوون.
پیێرس ڵیترڵەند بە سی ئێن ئێنی ڕاگەیاندووە دۆزینەوەی ئەو گۆڕە زانیاری زۆر لەسەر ژیانی توتمۆسی دووەم نادات، بەڵام ئاماژە بەوە دەکات کە لەلایەن شاژن هاتشێپسوتەوە بەخاک سپێردراوە نەک لەلایەن کوڕەکەیەوە کە لەو کاتەدا کۆرپە بووە و دواتر وەک توتمۆسی سێیەم بۆ تەختی پاشایەتی بەرزبووەتەوە.
پاشاکان خۆیان بەرپرسیار بوون لە ناشتنی فیرعەونە مردووەکان. هاتشێپسوت لە مێژوودا وەک زڕ خوشکی توتمۆسی دووەم باس کراوە کە فیرعەون وەک هاوسەری خۆشی هەڵیبژاردووە.
بە گوتەی پیێرس ڵیترڵەند ناشتنی توتمۆسی دووەم لەلایەن شاژنەوە لەو کاتەدا دەتوانێت ئەوە ڕوون بکاتەوە کە بۆچی توتمۆسی سێیەمی گەنج “زۆر حەزی” بووە خۆی لە شاژن جیا بکاتەوە و جەخت لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ باوک و باپیری بکاتەوە.
شاژنە هاتشێپسوت کە لە سەردەمی حوکمڕانیدا لەلایەن هاوسەرەکەیەوە زۆر پشتی پێدەبەسترا، دوای مردنی توتمۆسی دووەم کە تەنها 30 ساڵ ژیابوو، بۆ ماوەیەک تەختی پاشایەتیی بەدەستەوە بوو، دواتر دەسەڵاتی گواستەوە بۆ کوڕەکەی، توتمۆسی سێیەم.
محەمەد ئیسماعیل خالد، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای دێرینەکانی میسر ڕایگەیاند، دۆزینەوەی ئەم گۆڕە یەکێکە لە پێشهاتە شوێنەوارییە گرنگەکانی ساڵانی ڕابردوو، هەروەها ئەو شوێنەوارانەی لەناو گۆڕەکەدا دۆزراونەتەوە یارمەتیدەرن بۆ تێگەیشتن لە مێژووی ناوچەکە و سەردەمی پاشا کۆنەکان.
محەمەد عەبدول بادی، بەرپرسی بەشی شوێنەوارەکانی میسر، کە سەرکردایەتی ئەرکی شوێنەواریی میسری کردووە، ڕایگەیاندووە گۆڕەکە لە دۆخێکی خراپدایە و لافاوێک دوای ماوەیەکی کەم لە مردنی توتمۆسی دووەم بووەتە هۆی ئەوەی ئاو بچێتە ناو گۆڕەکەوە، هەر بۆیەش تەرمی مۆمیاکراو و ناوەڕۆکی دیکەی گۆڕەکە گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی دیکە.
لەم گۆڕەدا نووسراوی شین و نەخشی ئەستێرەی زەرد و بەشێک لە کتێبێکی کۆن و هەروەها دەقێکی ئایینی پەیوەست بە گۆڕی شاهانەی میسری کۆن دۆزراوەتەوە. لەو شوێنەدا پارچە نووسراوەکان دۆزراوەتەوە کە ناوی “پاشای کۆچکردوو” و ناوی هاوسەرەکەی لەسەر نووسرابوو.
مۆمیای توتمۆسی دووەم لە سەدەی نۆزدەهەمدا لە شوێنێک بە ناوی “ئەشکەوتی دێر ئەلبەحری” دۆزرایەوە کە دوور نییە لە دۆزینەوە نوێیەکە و بۆ دەیان ساڵە لە مۆزەخانەی نیشتمانی میسر نمایش دەکرێت کە خەڵکێکی زۆر و گەشتیارانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە کە گەشت دەکەن بۆ ئەو وڵاتە.
دوایین جار کە گۆڕی توتانخامون، ئەو فیرعەونەی لە ساڵانی 1361 تا 1352 پێش زایین حوکمڕانی کردووە، لە میسر لە ساڵی 1922 دۆزرایەوە.
سەرچاوە/ڕۆیتەرز