مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە كاتژمێر یەكی دوا نیوەڕۆ، تەرمی هەر یەك لە حەسەن نەسروڵڵا و هاشم سەفیەدین دوو ئەمینداری پێشووی حیزبوڵڵای لوبنان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك میوان و ئەندامانی حزب لە ناوەوە و دەرەوەی لوبنان و سەركردە حووسییەكان بە خاك بسپێردرێن.
موعەممەر ئیریانی وەزیری ڕاگەیاندن و گەشتوگوزاری یەمەن بە ڕۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) ی ڕاگەیاندووە “بەشداریكردنی سەركردەی حووسییەكان لەو بۆنەیەدا شتێكی بێبەرنامە و سەربەخۆیی نییە و پەیامێكی لەپشتەوەیە.”
هاوكات بەشێك لە شرۆڤەكارانیش بۆچوونییان وایە كە بەشداربوونی سەركردە حووسییەكان بە بێ ڕاوێژ و ڕێنمایییەكانی ئێران نەبووە.
مانگی 9 ـی ساڵی ڕابردوو، لە هێرشێكی ئاسمانی گەورەی هێزەكانی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگای ناوەندی حیزبوڵڵای لوبنانی لە بەیرووت، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی ئەو حزبە و ژمارەیەك فەرماندە و سەركردەی حیزبەكەی و فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی لە لوبنان، كوژران.

































































