زاری كرمانجی – سۆران :
بە پێی راپۆرتێكی (فارسی – سەربەخۆ) لە سەرەتای مانگی شوباتدا ڕاگەیەندرا كە حكومەتی ئەمریكا ئەو لێخۆشبوونەی هەڵوەشاندەوە كە بە عێراق دراوە بەهۆی هاوردەكردنی كارەبا و گاز لە ئێرانەوە، ئەمەش هەنگاوێكە كە بەشێكە لە سزا نوێیەكانی سەر تاران. ئەم بڕیارە جگە لە فشارخستنە سەر ئێران، حكومەتی عێراقیش دەخاتە دۆخێكی سەختەوە لە كورتخایەندا، چونكە ئەو وڵاتە هیچ بەدیلێكی دەستبەجێی بۆ غازی ئێرانی نییە و ڕەنگە ڕووبەڕووی قەیرانێكی سەختی كارەبا ببێتەوە. محەممەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق داوای لە ئەمریكا كردووە بەردەوام بێت لەو لێخۆشبوونانە تا ئەو كاتەی سەرچاوەی بەدیل دەدۆزرێتەوە. ناوبراو ڕایگەیاندووە كە عێراق تا ساڵی ٢٠٢٨ بە خۆبژێوی وزە دەگات. بەڵام لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ئەم لێخۆشبوونە، عێراق لە كورتخایەندا هیچ بژاردەیەكی تری نییە جگە لە كەمكردنەوەی پشتبەستنی بە ئێران، هاوكات وڵاتانی كەنداوی فارسیش هەنگاویان ناوە بۆ گۆڕینی دابینكردنی وزە.
پشتبەستنی ئابووری عێراق بە ئێران و ئاسۆی داهاتوو :
عێراق زیاتر لە دە ساڵە وابەستەی هاوردەكردنی گاز لە ئێرانەوە بووە و كەمی كارەبا بەهۆی كەمبوونەوەی هاوردەكردنی غاز لە هاویندا بەتایبەتی ڕەنگە ببێتە هۆی ناڕەزایی بەرفراوانی خەڵك. بەڵام لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونی وزە و زیادبوونی فشارەكانی واشنتۆن، بەغدا بە دوای هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی وزەدایە. پەیوەندییە كارەباییەكان لەگەڵ وڵاتانی كەنداوی فارس، توركمانستان و ئوردن بەرەو فراوانبوون دەچێت، عێراقیش هەوڵدەدات پشتبەستنی بە ئێران كەم بكاتەوە، هاوشانی توركیا و چین یەكێكە لە سێ هاوبەشە بازرگانییە گەورەكانی عێراق. عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا یەكێك بووە لە هاوردەكارە سەرەكییەكانی كەلوپەلی ئێرانی و لە ساڵی 2021 نزیكەی 9 ملیار دۆلار كەلوپەلی لە ئێران كڕیوە كە نزیكەی نیوەی ئەو كاڵایانە پەیوەندی بە هاوردەكردنی گازەوە هەبووە. ئەم پەیوەندییە ئابوورییانە لە دۆخێكدا دامەزران كە سزاكانی ڕۆژئاوا ڕێگا بازرگانییەكانی ئێرانی بەرتەسك كردبووەوە و عێراق وەك بازاڕێكی سەرەكی بۆ هەناردەكردنی ئێران مامەڵەی دەكرد.
بەڵام پشتبەستنی عێراق بە ئێران پەیوەندییەكی بەرامبەرە. لە كاتێكدا عێراق بۆ نزیكەی نیوەی كارەبا پشت بە غازی ئێران دەبەستێت، ئێرانیش عێراق وەك سەرچاوەیەكی گرنگی ئاڵوگۆڕی بیانی دەبینێت. ئێران سیستمی دارایی عێراق بۆ دەربازبوون لە گەمارۆكان كەڵك وەردەگرێت و هەوڵدەدات پترۆدۆلاری عێراق بقۆزێتەوە، بەڵام لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونەكانی ئەمریكا، ئەم ڕێگایە بۆ ئێران بە توندی سنووردار دەبێت.
































































