زاری كرمانجی-سۆران
ڕێژیار محەمەد سەرۆكی سەنتەری ڕۆشنبیری سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: ” لە درێژەی چالاكیەكانماندا وەك سەنتەری ڕۆشنبیری سۆران، بەهەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوی داڤین ڕۆژی چوارشەممە ٢٦-٢-٢٠٢٥ هەڵدەستین بە سازدانی ماستەركڵاسێك لە شێوازی وۆرك شۆپی یەك ڕۆژە، لە ژێر ناونیشانی “بە بازاڕكردنی بەرهەمەكان” بۆ كەسانی خاوەن بزنسی بچووك و مامناوەند، كە لە كاتژمێر ١٠:٣٠ـی خولەكی بەیانی تا ٣ـی پاشنیوەڕۆ، لە كۆلێژی تەكنیكی سۆران بەڕێوەدەچێت”.
گووتیشی: ” بەشداریكردن لە خولەكە بێبەرامبەرە و ئامانج لەم چالاكیە ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ ئەو كەسانەی بزنسی بچووك یا مامناوەندیان هەیە تا لەسەر دەستی ڕاهێنەری شارەزا فێری هونەری بەبازاڕكردنی بەرهەمەكانیان بكرێن، واتە ئاشنای شێواز و تەكنیكە سەردەمییەكان دەكرێن بۆ دۆزینەوەی كڕیار بۆ بەرهەمەكانیان”.
دەشڵێت: ” بە ئاشنابوونیان هەم دەتوانن ئاستی فرۆش بۆ بەرهەمەكانیان زیاد بكەن و هەم هاندانێكە بۆ بەردەوام بوون لەسەر كارەكەیان. شێوازی وەرگرتنی ئارەزوومەندان بە پڕكردنەوەی فۆڕمێكی ئەلیكترۆنی دەبێت: كە لە پەیجی سەنتەرەكەمان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاوكراوەتەوە و لە ئێستادا فۆڕمەكە بەردەستە بۆ ئارەزوومەندان.

































































