مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
هەفتەی ڕابردوو، لە ڕاگەیاندراوێكدا نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئاشكرای كرد كە جۆرە ڤایرۆسێكی “كوشندە” لە ناو گامێش و مانگاكانی بەشێك لە پارێزگاكانی عێراق بڵاو بووەتەوە و ژمارەیەكی زۆریان لێ مرداربوونەتەوە.
سائیر جبوری، ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ ، وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقی بە بەرپرسیار زانی لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە و ڕایدەگەیەنێت “لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو، چەندین ئاژەڵ بە هەڕەمەكی و بەبێ ئەوەی پشكنینیان بۆ بكرێت هاوردەی عێراق كراون، هەر ئەمەش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە و دەرەنجامی نەرێنیی لێكەوتەوە.”
دەشڵێت “وەزارەتی كشتوكاڵ بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆی ئەم كێشەیەی لە ئەستۆیە، بەو پێیەی ئەو وەزارەتە و بەشی ڤێتێرنەری، دەبێت پشكنینی تەواوی ئەو ئاژەڵانە بكەن كە دێنە ناو عێراقەوە.”
جەختی لەوەشكردەوە لێپێچینەوە لە لایەنە كەمتەرخەمەكان دەكرێت و نووسینگەی سەرۆكوەزیرانیش، لێكۆڵینەوە لەمبارەیەوە دەكات.

































































