سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ شه‌ممه 22ی شوباتی2025 نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له به‌غدا به‌شداریی له كۆنفرانسی گفتوگۆی نێوده‌وڵه‌تیی به‌غدا كرد كه هه‌ریه‌ك له محه‌مه‌د شیاع ئه‌لسوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و محه‌مه‌د ئهلحهسسان، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانی باڵای عێراق و باڵیۆز و دیپلۆماتكارانی وڵاتانی بیانی تێیدا ئاماده بوون.
له كۆنفرانسه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانی وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد، ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
سه‌رۆكوه‌زیران محه‌مه‌د شیاع سوودانی،
ئاماده‌بووانی به‌ڕێز،
سڵاوی خواتان لێ بێت..
خۆشحاڵم به‌شداریی کۆنفرانسی حەوتەمی گفتوگۆی نێودەوڵەتیی بەغدا ده‌كه‌م. ئەم كۆنفرانسه دیدگای عێراق بۆ کرانەوە و یهكترتهواوكردنی هه‌رێمی، هه‌روه‌ها پابەندیی عێراق بە کاری هاوبەش بۆ سەقامگیری و گەشەپێدانی بەردەوام، ده‌رده‌خات.
بەڕێزان،
عێراق و ناوچەکە بە قۆناغێکی گۆڕانکاریی ستراتیژیی قووڵدا تێدەپەڕن کە پێویستی بە هاوکاری و هاوبه‌شییه، نه‌ك ململانێ و ئاڵۆزیی زیاتر. لەم ڕوانگه‌یه‌وه، پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان وەک ده‌ستپێشخه‌ری و هەنگاوێکی مێژوویی دێت بۆ بنیاتنانی عێراقێکی سەقامگیرتر و گەشاوەتر، لەسەر بنەمای ئابووریی ههمهجۆر، کرانەوەی هەرێمی و یەکترتهواوكردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا.
ئێمه لە هەرێمی کوردستان، هەمیشە باوەڕمان وابووە کە سەقامگیریی سیاسی و ئابووریی هەموو عێراق، بەرژەوەندییهكی نیشتمانیی هاوبەشە و گەشەپێدانی ڕاستەقینە بەدی نایه‌ت ئه‌گه‌ر له‌نێوان بەغدا و هەولێر، هه‌روه‌ها له‌نێوان عێراق و دەوروبەریدا له وڵاتانی ناوچه‌كه و جیهان، یه‌كترته‌واوكردن نه‌بێت.
له‌م ڕوانگه‌یه‌وه، پشتگیریی تەواوی خۆمان بۆ ئەم پرۆژە گەورەیە دووپات دەکەینەوە و په‌رۆشین كه له زاخۆوه تا فاو ببێتە نموونەیەک بۆ هاوکارییهكی بنیاتنەرانهی نێوان هه‌موو ناوچه و پێكهاته‌كانی وڵات، هه‌روه‌ها عێراق و هاوبەشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی.
عێراق بە پێگه‌ی جوگرافیی ستراتیژی و سامانی ده‌وڵه‌مه‌ندی سروشتی و مرۆیی، دەرفەتێكی گەورەی هەیە ببێتە ناوەندێکی ئابووریی چالاک و گه‌وره لە ناوچەکەدا، هه‌روه‌ها ببێته پردێكی گرنگی به‌ستنه‌وه‌ی كه‌نداو و ئه‌ورووپا و ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا، بەڵام سەرکەوتن لەمەدا، پێویستی بە هه‌بوونی چه‌ند بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كی هه‌یه، له‌وانه:
ـ چوارچێوەیەکی تۆكمه‌ی یاسایی و ئابووریی بەردەوام کە هه‌میشه هانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەکی بدات و زه‌مینه‌یه‌كی هانده‌ر و سه‌رنجڕاكێش بۆ وه‌به‌رهێنان بڕه‌خسێنێت.
ـ گفتوگۆیه‌كی سیاسیی بەرپرسیارانەی لایەنە سیاسییه‌كان و پێكهاته‌كانی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبەشیی ڕاسته‌قینه و لێكتێگه‌ییشتن و ڕێککەوتن بۆ چارەسەرکردنی کێشه‌كانی وڵات به گیان و دیدگای نیشتمانییانه، هه‌روه‌ها به‌هێزكردنی دامه‌زراوه ده‌ستوورییه‌كان و چه‌سپاندنی ته‌واوی سیستمی فیدراڵی.
ـ ستراتیژتێکی ئەمنیی پتەو، تاكوو سەقامگیرییهكی به‌رده‌وام مسۆگه‌ر بکات كه جێی دڵنیایی و متمانەی وەبەرهێنەران بێت و بتوانێت پرۆژه‌ی گەورە له بواره جیاكانی ژێرخان له هه‌موو كه‌رته‌كاندا، جێبه‌جێ بكات.
هه‌ره‌وها زۆر گرنگ و پێویسته پرۆژه‌ی ڕێگه‌ی گه‌شه‌پێدان ببێته پرۆژه‌یه‌كی نیشتمانیی عێراقی كه هه‌موو ناوچه و شوێن و پێكهاته‌كانی عێراق پێكه‌وه ببه‌ستێته‌وه. ببێته كۆكه‌ره‌وه‌ی هه‌مووان بێ جیاوازی. نموونه‌ی هاوبه‌شیی ڕاسته‌قینه‌ی عێراقییه‌كان بێت له هه‌ر نه‌ته‌وه و ئایین و مه‌زهه‌بێك و له هه‌ر شوێنێكی وڵات بن. ببێته هۆی گه‌شه‌پێدانی ئابووریی ته‌واوی عێراق.
فره‌ڕه‌نگیی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراق، هێز و ده‌وڵه‌مه‌ندییه. عێراق ده‌توانێت ئه‌م پرۆژه‌یه بكاته ده‌رفه‌تێك بۆ تێپه‌ڕاندنی هه‌موو جیاوازییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی و مه‌زهه‌بی، بكاته هێزێكی گه‌وره بۆ هه‌موو عێراق كه پێگه‌ی وڵات له‌ڕووی ئابووری و سیاسی و ستراتیژییه‌وه به‌هێز بكات. هه‌روه‌ها هه‌نگاوێكی دروسته به‌ره‌و بنیاتنانی داهاتوویه‌كی گه‌شتر بۆ هه‌موو عێراقییه‌كان.
بۆیه پشتگیریی ئێمە له هه‌رێمی كوردستان بۆ ئەم پرۆژەیە، تەنها لە ڕوانگەی ئابوورییەوە نییە، بەڵکوو لە ڕوانگەی ستراتیژییەوەیە، چونکە به لای ئێمه‌وه هەنگاوێکه بەرەو بەهێزکردنی چەمکی (عێراق وەک دەوڵەتێکی کارا) لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوخۆیی و ناوچەیی و هێزێکی ئابووریی کاریگەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هه‌روه‌ها ده‌كرێ له داهاتوودا ببێته یه‌كێك له هێزه ئابوورییه‌كانی جیهان.
ئاماده‌بووانی به‌ڕێز..
ڕابردووی عێراق فێری کردووین کە گەشەسه‌ندن و پێشكه‌وتن لە ژینگەیەکی سەقامگیردا بەدی دێت. سەقامگیریی عێراق لە سەقامگیریی ناوچەکە جیا ناکرێتەوە، بۆیە دەبێت مامه‌ڵه و ڕوانگه‌مان بۆ گۆڕانکارییە جیۆسیاسییه‌كان، لەسەر بنەمای هاوسەنگی، میانڕەوی، هاوکاری و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش بێت.
بۆیه جەخت لەسەر گرنگیی بەردەوامیی ڕێبازی دیپلۆماسیی کارا دەکەینەوە کە حکوومەتی عێراق بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییه‌كانی، په‌یڕه‌وی ده‌كات. هه‌ر لێره‌وه به پێویستی ده‌زانم دووباره ده‌ستخۆشی له جه‌نابی سه‌رۆكوه‌زیران سوودانی بكه‌م بۆ هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی له‌م پێناوه‌دا. ئه‌مه سەلماندی كه عێراق دەتوانێت پردێک بێت بۆ گفتوگۆ، نەک گۆڕەپانێک بێت بۆ ململانێ.
ڕاسته، ئاڵنگاری هه‌ن، بەڵام له هه‌مان كاتدا عێراق به ده‌وڵه‌مه‌ندیی سامانی مرۆیی و سروشتیی خۆی، پڕە لە دەرفەتیش. سەرکەوتنمان پەیوەستە بە توانا‌مان لە بەڕێوەبردنی فره‌یی، جیاوازیی ناوخۆمان، بەهێزکردنی گیانی هاوبەشی، دانانی بنەماکانی حوکمڕانیی باش و چەسپاندنی سەقامگیریی سیاسی و ئابووری بۆ عێراق. پێویستمان بە پلانی بەردەوام، ئیرادەی سیاسیی جددی و هاوبەشیی ستراتیژیی ژیرانە هەیە، ئەم کۆنفرانسەش هەنگاوێکی گرنگە بەو ئاراستەیەدا.
زۆر سوپاسی پەیمانگای عێراقی ده‌كه‌م بۆ ڕێکخستنی ئەم کۆنفرانسە و سەرکەوتن ده‌خوازم بۆ کارەکانیان. هیوادارم ڕاسپارده‌ی بەرهەمداری لێ بكه‌وێته‌وه کە یارمەتیدەر بن لە دانانی نەخشەڕێگەیەکی ڕوون بۆ داهاتوویەکی گەشاوەتر بۆ عێراق.
زۆر سوپاستان ده‌كه‌م.
هیوای ڕۆژێكی خۆش بۆ هه‌مووتان ده‌خوازم..

































































