مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ماوەیەكە بە هۆی قەیرانی دەرمان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان، نرخی چارەسەری شێرپەنجە چەند بەرامبەر بەرز بووەتەوە و چەندین خێزانیش بە هۆی كەمدەرامەتییەوە ناچاربوونە چارەسەری منداڵەكانیان ڕابگرن.
دكتۆر عەزیم مێهروەر، پسپۆڕی شێرپەنجەی منداڵان بۆ ڕۆژنامەی (ئەبرار)ی فارسی قسەی كردووە و دەڵێت “نرخی هەندێك دەرمان چەند قات زیادی كردووە و یەك دەرزی شێرپەنجە گەیشتووەتە 900 دۆلار.”
ناوبراو دەشڵێت “ئاماری تووشبوون بە شێرپەنجە لە منداڵاندا ڕوو لە زیادبوونە و بەرزبوونەوەی تێچووی چارەسەر وایكردووە كە چهندين خێزان چارەسەری منداڵەكانیان ڕابگرن،”
ئەم پسپۆڕی شێرپەنجەی منداڵان ئاماژە بە كارێكی مەترسیدار دەكات و دەڵێ “هەندێك جار دوو نەخۆش یەك دەرزی بەكاردەهێنن، كە ئەمەش هەم هەڵەیە و هەم ناتەندروستە.”
بەپێی شارەزایانی بواری ئابووری، گەمارۆكانی سەر ئێران، ڕۆژ بە ڕۆژ كاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان دروست دەكات و یەك بە یەك كەرتەكانی تەندروستی و پەروەردە و هتد … ئیفلیج دەكات .































































