بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، 22ـی شوباتی 2025، شاندنی دانوستانكاری پارتی و یەكێتی بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە شاری سلێمانی كۆببنەوە.
لە كۆبونەوەكەدا شاندی دانوستانكاری پارتی و یەكێتی تاوتوێ ئەو ڕەشنووسە دەكەن كە لەلایەن تیمی تەكنیكی هەردوولا وەك بەرنامەی كاری كابینەی نوێی حكوومەت ئامادەكراوە.
ڕۆژی 10ـی شوباتی 2025، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: گفتوگۆكان گەیشتوونەتە قۆناغی بیرۆكەی هاوبەش بۆ پێكهێنانی حكوومەت و تەنیا یەك دوو خاڵ ماون كە پێویستی بە گفتوگۆ لە ئاستێكی دیكەدا هەیە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا گفتوگۆ دەكرێت و خاڵە ناكۆكەكان كۆتایی پێ دەهێندرێت.
گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕاشیگەیاند: هەردوو لا گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی دەبێت لە پێكهێنانی حكوومەت پەلە بكرێت و تەنیا ڕای جیاوازمان لەسەر چۆنیەتیی پێكهێنانی حكوومەت و بەڕێوەبردنیەتی و تا ئێستا قسە لەسەر پۆستەكان نەكراوە.































































